Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا

2023-05-01T07:54:22.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا
یەکی ئایار ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم و دەربڕینی یەکسانی و بەرگریکردنە لە ماف و ژیانی کرێکاران لەسەر ئاستی جیهان، بەم بۆنەیەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە کرێکاران و سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەتایبەت و کرێکارانی عێراق و جیهان بەگشتی دەکەم، هیواخوازم ئەو ڕەنج و ماندووبوونەی ده‌يكێشن، بەرهەمەکەی مایەی خۆشگوزەرانی و بەختەوەريیان بێت. کرێکارانی کوردستان لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا ڕۆڵی کارایان هەبووە، هەمیشە بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی دژ بە گەلەکەمان ئازایانە تێکۆشاون، هەروەها لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بەرەوپێشچوونەکانی سیما و جوانيی وڵاتدا، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە‌. پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە جێگای دەستخۆشی و مایەی دڵخۆشییە بۆ هەمووان، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و دەستەبەرکردنی بیمەی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەکانیان، گرنگە سەندیکای کرێکاران داکۆکیکاری سەرسەختی داوا ڕەواکانی کرێکاران بێت لەپێناو بەدیهێنانی ماف و شایستەکانیاندا لە بەرامبەر ئەو ئەرک و ماندووبوونەی له‌پێناو بنیادنان و ئاوەدانکردنەوەی سیمای وڵاته‌كه‌ماندا، ده‌يكێشن. بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، دروود بۆ گیانی ئەو کرێکارانەی لە مەیدانی شۆڕش و خەباتی پڕ لە ماندووبوونیان، گیانیان بەخشیوە. شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٣/٥/١