لە ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێدا بە ڕێز و شکۆوە یادی ٤٨ ساڵەی ئەم کارەساتە جەرگبڕە دەکەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانییانی بۆمبارانکردنی ساڵی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی ساڵی ١٩٨٢ و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دادەنەوێنم.
بە درێژایيی مێژوو، شاری قەڵادزێ چەندین جار لەسەر دەستی ڕژێمە ستەمکارەکان ڕووبەڕووی نەهامەتی و زوڵم و ستەمی زۆر بۆتەوە و هەمیشە بۆتە مایەی ئامانجی بۆردومان و هێرشە بێبەزەییيەکانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کە دیارترینیان بۆردومانکردنی ئەو شارە بووە لە ١٩٧٤/٤/٢٤ بە چەکی قەدەغەکراو لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی سەدان کەس لە خەڵکی سڤیل و قوتابیانی زانکۆی سلێمانی کە ئەو کاتە لە شاری قەڵادزێ بوونە، هەروەها لە بەرواری ١٩٨٢/٤/٢٤ جارێکی تر لە ئەنجامی ڕاپەڕینی خوێندکاران و جەمارەری شارەکە دژ بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس، قوربانی دەبەخشێ لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی ڕزگاری و ئازاديی کوردستاندا.
لەم یادەدا، ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی ئەم ناوچەیە بە پێویست دەزانم، هیوادارم قەرەبووکردنەوەی ئەم شارە لەڕووی خزمەتگوزاری و بنیادنانهوە لە ئاست داواکارییەکانی خەڵکەکەیدا بێت بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بێتەوە لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەم و وێرانکارییەی کە بەرامبەریان کراوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٤/٢٤