Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

شاندێكى سه‌رۆكايه‌تى، سه‌ردانى كونسوڵخانه‌ى فه‌له‌ستين ده‌كات

2023-11-29T12:26:25.000000Z
هه‌واڵ ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/11/29 شاندێكى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى، سه‌ردانى كونسوڵخانه‌ى گشتيى فه‌له‌ستينى كرد و له‌لايه‌ن به‌ڕێز باڵيۆز نه‌زمى حزوورى، كونسوڵى گشتيى فه‌له‌ستينه‌وه‌، پێشوازى لێكرا.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز هه‌ريرى به‌ ناوى جه‌نابى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكايه‌تييه‌وه‌، پيرۆزباييى ڕۆژى هاوكاريى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ گه‌لى فه‌له‌ستين لێكردن و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ مافه ڕه‌واكانى گه‌لى فه‌له‌سين و ئاشتى و چاره‌سه‌رى دوو ده‌وڵه‌ته، هه‌روه‌ها پيرۆزباييى يادى دوانزه‌ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كونسوڵخانه‌ى گشتيى فه‌له‌ستينى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ ‌به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى فه‌له‌ستين سوپاسى هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ هه‌ميشه‌ هاوسۆز و پشتيوانى مافه‌كانى گه‌لى فه‌له‌ستين بووه‌، به‌تايبه‌تيش ئاماژه‌ى به‌ په‌يامه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر و دهۆك كرد كه‌ تيايدا جه‌ختى له‌سه‌ر ئاشتى و چاره‌سه‌رى دوو ده‌وڵه‌ت و مافه‌كانى گه‌لى فه‌له‌ستين كرده‌وه‌.

دواى ديداره‌كه‌ش به‌ڕێز فه‌لاح مسته‌فا یاریده‌ده‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى فه‌له‌ستين، باسى له‌ مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ كرد و داكۆكى له‌ هه‌ڵوێستى هاوسۆزى و پشتيگريى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئاشتى و مافه‌كانى گه‌لى فه‌له‌ستين كرده‌وه‌.