Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پيرۆزباييى سەرۆکی هەرێمى كوردستان بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە

2021-03-31T13:37:23.000000Z
پەیام و پەیوەندی

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابليى ئاشووریيەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ته‌واوى خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و گەڕانەوەی ئومێد و ئارامی بۆ ئەوان و هەموو هاووڵاتییان.

مایەی شانازییە کە کوردستان هەمیشە نیشتمانی پێکەوەژیان، فرەیی، لێبوردەیيی ئایینی و نەتەوەیی بووە و کریستیانانیش پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دێرینی ئەم خاک و نیشتمان و کولتوورە فرەڕەنگەن کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بیپارێزین و بەهێز و پتەوتری بکەین.

جەژنی ئەکیتۆ لە خوشک و برایانی کریستیانمان پیرۆز بێت و هیوادارم پێکەوە جەژن و بۆنەکانی داهاتوومان لە دۆخێکی باشتردا لە سایەی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامیدا بکەینەوە، قەیران و تەنگانەمان تێپەڕاندبێ و پەتای کۆڤید_19 و دەرهاویشتەکانی بەرۆکی جیهان و مرۆڤایەتییان بەردابێت.

خوای مه‌زن کوردستان و کوردستانییان و تەواوی گەلانی جیهان بپارێزێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

31/3/2021