Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا دەکات

2022-10-18T14:39:32.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ سێشەمە ١٨/١٠/٢٠٢٢ بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە به‌ڕێز کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەکە بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بیر و بۆچوون لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچه‌كه‌، ئاڵوگۆڕ کران.

به‌ڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، وێڕای جەختکردنەوە لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕۆڵ و ئەزمونی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردن و چاودێریکردنی ئەو پرۆسەیە بەگرنگ لەقەڵەمدا.

هه‌ردوولا باسیان لە ئاسۆی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرد و هیواخوازبوون کابینەی نوێ سەقامگیریی سیاسی و خزمەتگوزاریی پێویست و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات و لەسەر بنەمای دەستوور مافی پێکهاتەکانی عێراق دەستەبەر بکات.

لەتەوەرێکی تردا گرنگیی پەیوەندیی دێرین و دۆستانەی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان خرایه‌ ڕوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئه‌ڵمانیای کرد، له‌ به‌رامبه‌ردا کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە، دووپات کردەوە.