Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت

2026-03-29T18:38:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/3/29 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە خاتوو ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، خاتوو كووپه‌ر بە توندی هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و هێرشه‌ درۆنییه‌كەی دوێنێى سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ لە دهۆک سه‌ركۆنه‌ كرد، هەروەها هاوخه‌مى و هاوسۆزیی خۆی بۆ بەڕێزیان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دوایییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بريندار بوون.

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا هه‌روه‌ها جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی بەردەوامیی هاوكارى و پشتگیرییەکانی بەریتانیای بۆ دووپات کردنەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی خاتوو کووپەر و پشتگیری و هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز به‌شێك نه‌بووه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ جه‌نگ.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانى به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جيهانه‌وه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە.