بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و خاتوو ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، جەختیان لە هەماهەنگیى و کارى پێکەوەییى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى کۆبوونەوەى دەوریى نێوانیان کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15/9/2019 دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان سەردانى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کارى پەرلەمانى و گرنگیدان بەو یاسایانەى پێگەى دەستووریى هەرێمى کوردستان بەهێز دەکەن، پەیویەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و پاراستنى مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان، هەماهەنگیى نێوان پەرلەمانى کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و گرنگیى هەماهەنگیى نێوان فراکسیۆنە کوردستانیان لە بەغدا، بەردەوامیى پرۆسەى چاکسازى و سەقامگیرى و بەرەوپێشچوونى پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرا.
نووسینەوەى دەستوور بە شێوەیەک کە مافەکانى تەواوى پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان زامن بکات، تەوەرێکى گرنگى کۆبوونەوەکە بوو. تیایدا بەڕێز سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان داواى لە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتى لایەنەکان بکات و هەوڵى سەرخستنى پرۆژەى نووسینەوەى دەستوور بدات.