Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركۆمار جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

2024-01-14T08:13:29.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 2024/1/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. عه‌بدولله‌تيف ڕه‌شيد سه‌ركۆمارى عێراقى فيدرالى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆكانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پێويستيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و ناردنى شايسته‌ داراييه‌كان و بودجه‌ و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدرالى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ نابێ ژيان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌ سياسييه‌كان بكرێت.

ده‌رباره‌ى ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانيشى، دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ عێراق نه‌خزێته‌ ناو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌ و هه‌موو لايه‌ك كار بكه‌ن بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى باڵا و ئارامى و سه‌قامگيریی وڵات و دوورگرتنى له‌ هه‌ر ئاشووب و ئاڵۆزييه‌ك.