Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا

2023-04-22T07:14:02.000000Z
پەیام و پەیوەندی

يادى (125) ساڵه‌ى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و (25) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نديكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان له ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. سڵاو له‌ ياد و گيانى ميقداد ميدحه‌ت به‌درخان ـ ى پێشه‌نگ كه‌ يه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى (كوردستان)ى چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌ ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى،‌ بنه‌ما و كۆڵه‌گه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه،‌ پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه‌، بۆيه‌ ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت.

وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌. كار و ئه‌ركى خۆيان به‌ ڕێكوپێكى و له‌ چوارچێوه‌ى ئێتيكى ڕۆژنامه‌وانيدا جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ڕۆڵى دروستى خۆيان له‌ ده‌ستنيشانكردنى هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕييه‌كان و ڕاستكردنه‌وه‌يان بگێڕن.

سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

22ى نيسانى 2023