لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە (١٩٨٧/٤/١٦)دا ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتێکی فاشیزمی دڕندەی دژ به مرۆڤایەتی دەرکەوت. ٣٧ ساڵ بەرلە ئەمڕۆ ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری لە دۆڵی خۆشناوەتی کیمیاباران کرد و بۆ یەکەمجار ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوەی لەسەر خەڵک و خاکی کورد و کوردستان تاقیکردەوە کە تیایدا زیاتر لە هەزار هاووڵاتيی بێتاوانی شەهید و بریندار و ئەنفال کرد.
کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، جێگای شانازی و لووتکەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە بۆ خەڵکی کوردپەروەری دۆڵی خۆشناوەتی، چونکە ئەم ناوچەیە هەمیشە لانەی شۆڕش و بەرخودان بوو دژ بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی فاشیزم، هەروەها شوێنێک بوو بۆ پاڵپشتیی پێشمەرگە، تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و خاپوورکردنی گوند و خاک و شێواندنی جوگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کوردبوونمان، لاپەڕەیەکی پر لە خەم و ناسۆرن لە مێژووی خەباتی پڕ لە سەروەریماندا.
بە داخەوە تاوەکو ئێستا ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی لەڕووی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنهوەوە خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکراوە کە شیاوی ئەو خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانەیان بێت کە لەپێناو پیرۆزیی خاکی کوردستاندا بەخشیویانە، هەرچەندە حکوومەتی عێراقیش لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەیان کەمتەرخەم بووە، چونکە بە گوێرەی ماددەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی فیدراڵە و بە یاسا پابەند کراوە بە گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی بەعس.
لە کۆتاییدا سەڕی ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری و گشت شەهیدانی ڕێگای کوردستان. سەربەرزی و شکۆمەندی بۆ کەسوکاری شەهیدەکانمان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٢٠٢٤/٤/١٦