ڕۆژی دووشەممە 15/1/2024 لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە هۆتێل شیراتۆن لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، بە چاودێرى و ئامادەبونى بەڕێزان د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی ئەکادیمی و بەرپرسانی حکوومی، بڕوانامەى ڕێزلێنان پێشکەش بە هەموو ئەو توێژەرانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا کە ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى ستانفۆرد بۆ ساڵى 2023 هاتووە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتارێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، پ. د. سیروان بابان ڕاوێژکارى سەرۆکی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری زانستی وەک یەکێک لە توێژەرە کاریگەرەکان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشكەش كرا. دواتر بەڕێزیان بە داتاو ئامار بابەتێکی بە ناونیشانی (کاریگەریی توێژینەوە لە دروستکردنی بڕیار و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ هەرێمی کوردستان) پێشکەش کرد و تیایدا نەخشەی مەترسیی گۆڕانی کەش و هەوای خستەڕوو و چەند نەخشەرێگایەکیشی بۆ چارەسەری پێشکەش کرد.