Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و عادل عه‌بدولمه‌هدى جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

2019-06-20T16:29:55.000000Z
هه‌واڵ

به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدرال، جه‌ختيان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدرال له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى دۆستانه‌ و ئه‌رێنيدا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/6/2019 له‌ به‌غدا، بڕيار درا كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرالى عێراق، ده‌ست به‌ قۆناغێكى نوێى دانوستان بكرێت و هه‌فته‌ى داهاتوو ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌سه‌ر‌ ئه‌جێنداى گفتوگۆكان و پرسه‌كانى وه‌ك مادده‌ى (140) و نه‌وت و بودجه‌ و دارايى و پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى ديكه‌، كۆببنه‌وه‌ و ئاماده‌كارى بكه‌ن بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ قۆناغى داهاتوو له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ پێويستى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و ده‌رفه‌ت و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار دروست بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كه‌ ده‌بێ به‌ گيانێكى نيشتمانيانه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بقۆزرێته‌وه‌ و سوودى لێ وه‌ربگيرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ قووڵاييى ستراتيژيى هه‌رێمى كوردستان به‌غدايه‌ و چاره‌سه‌رى دۆزى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدايه‌، بۆيه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازیار و ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌نديى نيشتمانى.