Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و جێنين پلاسخارت ڕۆڵى يووئێنيان له‌ عێراق تاوتوێ كرد

2020-09-02T11:33:10.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا پرۆسه‌ و دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان و گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا و لێكگه‌يشتنى ئه‌و دواييه‌ى هه‌ردوولا له‌سه‌ر بابه‌تى بودجه‌ و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان‌.‌

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد كه‌ ده‌توانێت يارمه‌تيده‌رى هه‌ولێر و به‌غدا بێت بۆ هاندانى گفتوگۆيه‌كى جدديى نێوانيان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى بنچينه‌يى و يه‌كجاريى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، هه‌روه‌ها تيشكى خسته‌ سه‌ر ڕاپۆرتى نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى يووئێن له‌ عێراق كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى، پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى كرد.

دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و چۆنيه‌تيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق و ياساى هه‌ڵبژاردن و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.