Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

2019-12-03T16:30:04.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى په‌رۆشيى هه‌رێمى كوردستانى بۆ دۆخى عێراق و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منيى وڵات دووپات كرده‌وه‌ و هه‌موو ئاماده‌ييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌ر هاوكارييه‌ك له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئارامى و سه‌قامگيريدا، نيشان دا.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/12/2019 له‌ هه‌ولێر، به‌رێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ماتيو تيوله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كان له‌ به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى ناوه‌ڕاست و باشوورى وڵات خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختيان له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه‌، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى و پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كانيشيان بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و ڕووداوه‌كاندا، به‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هه‌مووان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌تى بودجه‌ و نه‌وت، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.