Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى ستايشى كابينه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌ت ده‌كات

2019-07-06T16:52:40.000000Z
هه‌واڵ

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كابينه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ قۆناغێكى سه‌ختدا هه‌رێمى كوردستانى به‌ڕێوه‌ برد و به‌ گيانى يه‌كتيمى ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و قه‌يرانه‌كان بووه‌وه‌.

له‌ ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى حكوومه‌ت، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6/7/2019، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ وته‌يه‌كدا سوپاسى هه‌موو لايه‌نه‌ به‌شداره‌كانى حكوومه‌تى كرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى داهاتوو و كابينه‌ى دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌مه‌ ده‌قى وته‌كه‌يه‌تى:

برای خۆشه‌ویستم كاك قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،

وه‌زيره‌ به‌ڕێزه‌كان، تيمى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران، ڕاوێژكاران و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌مڕۆ لێره‌ ته‌شریفتان هێناوه‌،

ئێواره‌تان باش..

هه‌موو لايه‌كتان به‌ خێر بێن..

پێش كابینه‌ی نوێ كه‌ په‌نا به‌ خوا به‌ زوویی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌واڵه‌مان پێگه‌یشت به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ به‌ڕێز كاك قوباد تاڵه‌بانی وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌ستنیشان كراوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌تا پیرۆزبایی له‌ خۆی و له‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ حزبه‌كانی دیكه‌ش ده‌ستنیشان كراون بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.

من ده‌مه‌وێ له‌م ڕۆژه‌دا باسی هه‌ندێك شت بكه‌م كه‌ له‌ ده‌ستپێكردنی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌تایه‌كی زۆر خۆشمان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، هه‌موومان وه‌كو تیم پێكه‌وه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می كابینه‌كه‌ هه‌وڵمان دا كه‌ كاری باشتر له‌ هه‌موو بوارێكدا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی نوێ و به‌ره‌و قۆناغێكی باشتر بڕوات. زۆر به‌داخه‌وه‌ شانسی ئه‌وه‌مان زۆر نه‌بوو، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی ساڵی 2014 قه‌یرانی جددی له‌م وڵاته‌ به‌ بڕینی بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به ‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌وا ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ ده‌ستی پێكرد، دواتر هاتنی نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمی كوردستان، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی داعش كه‌ بۆ ئێمه‌ شتێكی نوێ بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سنووری ئێمه‌ هه‌زار و سه‌د كیلۆمه‌تر بوو، ئێمه‌ له ‌جیاتی ئه‌وه‌ پێكه‌وه‌ بین و له‌ناو عێراق بین، سنوورمان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو. له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا كه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م له‌ ساڵی نه‌وه‌د و یه‌كه‌وه‌ كوردستان هه‌رگیز به‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا تێپه‌ڕیبێت، چ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، چ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ و چ له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه،‌ ته‌نها یه‌ك شت توانی وا بكات كه‌ ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو شتانه‌ بگرین،‌ یه‌كه‌میان تێگه‌یشتنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بوو له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ و دوای ئه‌وه‌ش پێكه‌وه‌كاركردنی ئێمه‌ وه‌كو تیم.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ به ‌ڕاستی ئاماژه‌ بۆ ڕۆڵی برای خۆشه‌ویستم كاك قوباد تاڵه‌بانى بكه‌م وه‌كو جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامی داوه‌. سوپاسی خۆی بكه‌م و سوپاسی تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌م كه‌ هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه‌ مانه‌وه‌ و شانیان دا به‌ر ئه‌و سه‌ختی و ئه‌و ناخۆشییه‌ی كه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌بوو له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وایكرد ئێمه‌ بتوانین ئه‌مڕۆ لێره‌ بوه‌ستین كه‌ كابینه‌یه‌كی تر له‌م ڕۆژانه‌دا پێكده‌هێنرێت، به‌ڵام گه‌ر باسی ئه‌و قۆناغه‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی و یه‌كتیميی ئێمه‌ نه‌بوایه،‌ ئێمه‌ سه‌رنه‌ده‌كه‌وتین.

كاك قوباد به‌ هه‌موو مانای وشه‌ ده‌وڵه‌تداری كردووه‌، من ده‌زانم زۆر فشاری له‌سه‌ر بوو له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و كردی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌بێ موجامه‌له‌ ده‌ڵێم وه‌كو هاوكارێك و برایه‌ك پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌، هه‌موو هه‌وڵێكی جددی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌ كاره‌كانیدا به‌ دامه‌زراوه‌یی بێت. هه‌وڵی داوه‌ چاكسازيی دروست له‌م وڵاته‌دا ئه‌نجام بدات و چاكسازی بكرێت و فشاریشی له‌سه‌ر بووه. من له‌وه‌ش تێده‌گه‌م كه‌ قوناغ قوناغێكی نوێ بوو له‌و كاته‌دا و زه‌حمه‌ت بوو، ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ڕۆڵێكی زۆر گرنگی بینی له‌و چاكسازیانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجاممان دا چ له‌ ڕووی شه‌فافییه‌ت له‌ پرسی نه‌وت، له‌ پرسی بایۆمه‌تری و ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌نجاممان داوه‌، جێ په‌نجه‌ی دیاره‌ و هیوادارم له‌م قۆناغه‌ی ئێستاشدا په‌نا به‌خوا هاوكاری ته‌واوی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌بێت، هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ ده‌توانن قۆناغێكی باشتر له‌وه‌ی ڕابردوو په‌نا به‌خوا بنیات بنێن له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستاندا.

بیرم دێت ئێمه‌ هه‌ر له‌م باڵه‌خانه‌یه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌مان ده‌كرد بۆ ئه‌و قۆناغه‌ سه‌ختانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان هاتبوونه‌ پێش، بۆ من وه‌ك شه‌خس و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كاك قوباد، پێموایه‌ گه‌وره‌ترین و سه‌ختترین بڕیار ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌داخه‌وه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، سه‌ختترین بڕیار بوو له‌ ژیانی سیاسیی ئێمه‌دا.

ده‌مه‌وێ لێره‌ به‌بیر خۆمی بهێنمه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی هاووڵاتیان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ئێمه‌ی له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگار كرد و ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بووایه‌، ئه‌سته‌م بوو ئێمه‌ بتوانین ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنین، به‌ڵام تێگه‌یشتن هه‌بوو، كێشه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌بوو، به‌ڵام تێگه‌یشتن بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان وایكرد ئێمه‌ توانیمان به‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا سه‌ركه‌وین و سوپاس بۆ خوا ئه‌مڕۆ بۆ چه‌ند مانگێكه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆران وه‌ك خۆی ده‌درێت و هیوادارین له‌ ئاینده‌شدا ئه‌وه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ ناخوازین.

ده‌مه‌وێ سوپاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ش بكه‌م وه‌ك گوتم وه‌كو یه‌ك تیم پێكه‌وه‌ كارمان كرد و پێكه‌وه‌ هاتینه‌ ناو حكوومه‌ت. زۆر ئاساییه‌ و ڕاسته‌ هه‌ڵوێستی سیاسی وایكرد ئێمه‌ له‌ یه‌كتری دابڕاین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌، هیچ وشه‌یه‌كم نییه‌ لێره‌دا بیڵێم ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ پڕ به‌دڵ سوپاسی هه‌ریه‌كه‌تان ده‌كه‌م چ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستپێكردن پێكه‌وه‌ كارمان كرد و چ ئه‌وانه‌ی كه‌ دوای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ماینه‌وه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا. ئیراده‌ی هه‌موولایه‌كمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ی گه‌یانده‌ ئه‌م ڕۆژه‌، ده‌مه‌وێ لێره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م سوپاسێكی تایبه‌تی كاك ڕێباز حه‌ملان بكه‌م كه‌ له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌دا وه‌كو وه‌زیری دارایی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت، كاری زۆر باش و خزمه‌تێكی باشی پێشكه‌ش كرد و ده‌مه‌وێ لێره‌وه‌ سوپاسی بكه‌م.

سوپاسی ئه‌و وه‌زیرانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ناچارب وون جیا له‌ وه‌زاره‌تی خۆیان به‌ وه‌كاله‌ت كاروباری وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، هه‌م ئیش و كاری وه‌زاره‌ته‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد و هه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌. ده‌مه‌وێ سوپاسیان بكه‌م، دۆخه‌كه‌ ناخۆش بوو و نامه‌وێ بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ورده‌كاریانه‌، چونكه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ بێگومان هه‌موو ئامانجێك ئه‌وه‌ بوو ئه‌و حكوومه‌ته‌ بڕووخێت و كاریان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت نه‌مینێت، ئینجا جۆره‌ها وشه‌و و ناویان دۆزیبووه‌وه‌، وه‌ك حكوومه‌تی ئینقازی وه‌ته‌نی، حكوومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر.

ئه‌گه‌ر تۆزێك بچینه‌ دواوه‌ و به‌بیر خۆمانی بهێنینه‌وه‌، ئه‌م چوار پێنج ساڵه‌ زۆر سه‌خت بوون. بۆ هه‌ر هه‌مووتان سه‌خت بوو نه‌ك بۆ من ته‌نیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌بیرمان نه‌چێت سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ به‌وه‌ بوو كه‌ توانیمان پێكه‌وه‌ كاره‌كان بكه‌ین و له‌ قه‌یرانه‌ ده‌رچووین كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانى گرتبوو. به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ ده‌رچووین و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ وڵاته‌كه‌مان و په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ و به‌غدا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین. پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ قوناغێكی نوێیه‌ و هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات.

كێشه‌كان و كێشه‌ی كورد له‌ عێراق هه‌ر ته‌نها دوای ساڵی 2003 نه‌بووه‌، پێش ئه‌م به‌رواره‌ش بووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت به‌غدا ده‌رك به‌وه‌ بكات كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی فیدرالییه‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراق و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتینه‌ ئه‌م لێكگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شه‌، پێموایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا هه‌یه‌، چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

بێگومان له‌م ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌دا ده‌مه‌وێ یادی ئه‌و ئازیزانه‌ به‌بیرخۆمان بێنینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ كوردستان گیانیان كرده‌ قوربانی. سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ داده‌نوێنین و هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین. سوپاسی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان پۆلیس، ئاسایش، فریاكه‌وتن و هه‌موو ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا نه‌یانهێشت كوردستان به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ بڕوات. سوپاسی كارمه‌ندان ده‌كه‌ین، هه‌ریه‌كه‌یان له‌ شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ و شه‌و و ڕۆژیان كرده‌ یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ دروست نه‌بێت. پڕ به‌دڵ سوپاسی ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌كه‌م كه‌ نه‌یانهێشت خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بوه‌ستێت و به‌رده‌وام بوون له‌ فێركردنی خه‌ڵكی ئێمه‌ و مناڵه‌كانی ئێمه‌.

ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م ڕۆژانه‌ بكه‌ین و ئه‌مڕۆ ببینین، ده‌بینین كه‌ له‌ قۆناغێكی ته‌واو نوێداین، ده‌بینین ئێمه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر ده‌ڕۆین، ده‌بینین كه‌ كوردستان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌شتر ده‌ڕوات و هه‌مووی له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ بووه‌. ڕاسته‌ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بووه‌، ئه‌و باوه‌ڕه‌شم هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێزدا، به‌ڵام پێكه‌وه‌ بووین و هیچ كات داهێنانه‌كه‌ هی یه‌ك كه‌س نه‌بووه‌ و هی من نه‌بووه‌، یان هی كاك قوباد نه‌بووه‌، به‌ڵكو هی هه‌ر هه‌مووتان بووه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌ و توانیومانه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ده‌ست بهێنین.

نامه‌وێ زیاتر له‌مه‌ درێژه‌ به‌ قسه‌كانی خۆم بده‌م، په‌نا به‌خوا له‌م ڕۆژانه‌دا كابینه‌ی نوێ ده‌ست به‌ كاره‌كانی ده‌كات، ده‌مه‌وێ دووپاتی بكه‌مه‌وه‌ له‌ پێگه‌ی خۆم وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتێكی ته‌واو ده‌بم بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ و دڵنیاشم له‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێزیان ده‌توانێت به‌باشی ئه‌م ئه‌ركه‌ سه‌خته‌ به‌ڕێوه‌ ببات. دڵنیام پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك قوباد و ئه‌و تیمه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدایه‌ له‌و حزبانه‌ی به‌شدارن له‌ حكوومه‌تدا، ده‌توانن كاری باش بكه‌ن و ئه‌وانه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆنیشن ده‌توانن ڕۆڵی ئه‌رێنی خۆیان ببینن و پاڵپشتێكی گه‌وره‌ بن بۆ پێشخستنی كوردستان و پێشخستنی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ هه‌مانه‌.

دووباره‌ به‌خێرهاتنی هه‌موولایه‌كتان ده‌كه‌م و هه‌مووتان به‌خێر بێن.

ئێواره‌یه‌كی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان.