ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١/٧/٢٠١٩ بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بارزان ڕێوڕهسمێك بۆ (٣٦)ەمین ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕهسمهدا کە بهڕێزان مهسروور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕێواز فایهق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، دكتۆر بهشیر خهلیل جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق و ژمارهیهك له وهزیرانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و پهرلهمانتارانی عێراق و ههرێمی كوردستان و كونسوڵ و دیپلۆماتكار و نوێنهرانی وڵاتانی بیانی له ههرێمی كوردستان و نوێنهرانی لایهنه سیاسییهكانی كوردستان ئامادە بوون، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جیا له بهخێرهێنانی میوانانی ڕێوڕهسمهكه، ڕووی لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان بەتایبەتی كرد و یادكردنەوەی ئەمساڵی تاوانی جینۆساید و ئەنفالكردنی بارزانییانی بە کاریگەرتر و خەمناکتر دانا بەوەی کە لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ڕوفاتی ٧٥ کوردی تێدایە لە ژن و منداڵ کە دیمەنێکی زۆر دڵهەژێنیان بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید لە گەرمیانەوە تاکو بادینان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دروست کردووە و کارەساتی ئەنفال بیردەخاتەوە کە شێوەی گرتن و شەهیدکردنیان لە مێژووی هاوچەرخی جیهاندا کەم وێنەیە.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد لە کۆی (١٨٢) هەزار کەسی بێتاوان کە لەسەر نیشتمانپەروەری شەهید کران، تا ئێستا (٢٦٧٢) ڕوفاتیان گەڕێندراونەتەوە کوردستان و لە کۆی (٨) هەزار بارزانیش تەنیا ڕوفاتی (٥٩٦) کەسیان هێنراونەتەوە و بە خاکی نیشتمان سپێردراون.
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە دان بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ساڵی (٢٠١١) کە تیایدا ئەنفالی بارزانییانی بە جینۆساید ناساند، جینایەتەکەی ڕژێمی ئەوسای عێراقی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە پیاو و مێرمنداڵە بارزانییەکان دوای گیرانیان لە كۆمەڵگە زۆرەملێكانی قوشتهپه، بهحركه، ههرير و دیانا و گواستنەوەیان بۆ بیابانەکانی پارێزگای موسەننا، دوای یەک مانگ گوللەباران کران و خرانە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە.
بهڕێزیان ڕایگهیاند دوای ئەوە ئەرکی سەختی گەورەکردنی منداڵەکان و بەڕیکردنی گوزەران، کەوتە سەرشانی ژنانی سەربەرزی بارزانی کە بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرەوڕووی سەختییەکانی ژیان بوونەوە و کەلێنی بێ باوکییان بۆ منداڵەکانیان پڕکردەوە و توانییان منداڵی بەتوانا و لێهاتوو گەورە بکەن بۆ خزمەتی کوردستان، بۆیە بەڕێزیان دووپاتی کردەوە کە خۆمان بە قەرزداری ئەو دایکە میهرەبان و خۆشەویستانە لە بارزان و گەرمیانى خۆڕاگر دەزانین. هەروەها هاوکاریی نهێنیی ئەوکاتی خەڵکی هەولێر، ههرير و باتاس و ديانا و سۆران و دەوروبەریان لەگەڵ خێزانە بارزانییەکانی بە هەڵوێستێکی کوردانە، جوامێرانە و مرۆڤدۆستانەی وەسف کرد بەوەی کە ڕێگر بوون لە بەردەم تەواوکردنی پیلانەکانی ڕژێم.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر مێژووی بارزان کە خاوەن عەقیدەیەكی زۆر ڕیشەداكوتاو، پێگەیەكی عیرفانی و دابونەریتی مرۆڤانەی بەرزە و تیایدا ڕێسا مرۆڤایەتییەكان گەشەی كردووە و گۆڕانكارییەكی كۆمەڵایەتيی گەورەی دروست كردووە و بەگوێرەی ڕێساکان ڕێز لە مافی چین و توێژەکان گیراوە و ژینگە و سروشت پارێزراوە. هەروەها بارزان مێژوویەكی شۆڕشگێڕیی دێرینی هەیە و بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری لەنێوان ئایینە جیاجیاکانی ناوچەکە، لە دژی ستەمکاران ڕاپەڕیون و باوەڕیان بە خەبات هەبووە لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیان، هەربۆیە ناوچهكه لە ساڵانی بیست و سییەكانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین جار بە ناپاڵم و بۆمبی تەوقیتكراو ڕووخێندراون و سووتێندراون.
بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کرد وەک یەكەم دانەری مانیفێستۆ و ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی كورد کە توانی زانا و گەورەكانی ئەوکاتی كوردستان لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ڕێكبخات و کۆیان بکاتەوە و خواستەکانی گەلی کوردستان بگەیەنێتە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و زلهێزەكانی ئەوكات. دواتریش عەقیدەی بارزان لەسەر دەستی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە هەرسێ ڕووی ئایینی و كۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕييهوه گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و خەڵكی ڕادەهێنا لەسەر تەحەممولكردن و سەرنەوینەکردن بۆ هیچ ستهمكار و زۆردارێك. لەبەر ئەوە، بارزانییەکان کە بەو شێوەیە پەروەردە کراون، بە پاراستنی يهكگرتووييى خۆیان، ڕۆڵ و پێگەیەكی گەورەیان لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندا هەبووە و هیچ كاتێك خۆسەپاندن و ستهمیان قبووڵ نەكردووە، لەبەر ئەوەش بارزان بەردەوام لە شۆڕشدا بووە بۆ دادپهروهرى و ئازادی.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، لەگەڵ یادی ئەنفالکردنی بارزانییەکاندا، یادی ئەنفالكراوانی گەرمیان، بادینان، شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بالیسان، شێخ وەسانان و بێسەروشوێنكردنی كوردانی فەیلی و هەروەها یادی قوربانیانی كۆمەڵكوژيی شنگالی بەرز نرخاند و سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەو دایکە میهرەبان و جوامێرانە نارد کە دواى ئەنفالەکان هەر لە گەرمیانەوە تا بارزان و بادینان، ئەرکى سەختى ژیاندن و پەروەردە و گەورەکردنى منداڵانیان لە ئەستۆ گرت. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە دەبێ بەپێی دەستوور و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و ڕووپێوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا، حكوومەتی فیدراڵی قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان و زیانلێكەوتووانی كوردستان بكاتەوە.
لە کۆتاییدا بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی شەهیدانی جینۆسایدی بارزانییەکان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، بادینان، شەهیدانی هەڵەبجە، شنگال و هەموو كوردستان.
ئەمە دەقی وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە:
ئامادەبووانی بەڕێز،
كوردستانييانی خۆشەویست،
كەسوكاری بارزانیيانی ئەنفالكراو،
خەڵكی دەڤەری بارزان..
ڕۆژتان باش و هەموو لایهكتان بە خێر بێن. سوپاسی بەشداريی ههموو لایهكتان دهكهم كه ئهمڕۆ لێره كۆبووینهتهوه بۆ ڕێزگرتن له یادی 36 ساڵهی ئهنفالكردنی بارزانییهكان.
بهخێرهاتنی كونسوڵ و نوێنهرانی وڵاتانی بیانی له ههرێمی كوردستان دهكهم، به خێر بێن، بهخێرهاتنی هێزه سیاسییهكانی كوردستان دهكهم كه ئهمڕۆ لێره تهشریفیان هێناوه، به خێر بێن. پهرلهمانتاران، سهرۆكی پهرلهمان، سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران، ههموو ئهو بهڕێزانهی كه تهشریفیان هێناوه، ههموو لایهكتان به خێر بێن.
بەڕێزان..
یادكردنەوەی تاوانی جینۆساید و ئەنفالكردنی بارزانییان، ئەمساڵ لە ساڵانی دیكە خەمناكتر و كاریگەرترە. چەند ڕۆژێكە جارێكی دیكە چاومان لە بیابانەكانی عێراقە. چاومان لە گوندی (شێخولبادیە)ی نزیك نوگرە سەلمانە، كە ڕوفاتی زیاتر لە (75) كوردی ئەنفالكراوی تێدا دۆزراوەتەوە و هەموویان ژن و منداڵن. دیمەنەكان زۆر دڵهەژێنن. منداڵی ساوا دۆزراوەتەوە كە له باوەشی دایكیدا گوللەباران كراوە و توند سینگی دایكی گرتووە. ژنێكی دیكە دۆزراوەتەوە پێنج منداڵی بچووكی به تەنیشتييهوه گوللەباران كراون.
ئێمەی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید لە گەرمیانەوە تاكو بادینان، ئێمەی خەڵكی كوردستان، ناخ و دەروونمان جارێكی دیكە بەو دیمەنانە هەژاوەتەوە. جارێكی دیكە دیمەنی گوللەباران و زیندەبەچاڵكردنی (182) هەزار كەسی بێ تاوان و مەدەنيی خەڵكی كوردستانمان لەو بیابانانەدا دێتە بەرچاو كە تەنیا لەسەر كوردبوون و نیشتمانپەروەری، بەكۆمەڵ شەهید كران.
تا ئێستا تەنیا ڕوفاتی (2672) شەهید، لەو (182) هەزار ئەنفالكراوە گەڕێندراونەتەوە كوردستان. لە (8) هەزار بارزانیش تەنیا ڕوفاتى (596) شەهید هێنراونەتەوە بارزان و لێرە لە خاكی پیرۆزی كوردستان نێژراون. دۆزینەوەی هەر گۆڕێكی بەكۆمەڵ، دۆزینەوە و هێنانەوەی هەر ڕوفاتێك، هەموو گەلی كوردستان دەخاتە ماتەمینەوە، چونكە شێوەی گرتن و ئەنفال و شەهیدكردنی خەڵكی كوردستان زۆر كەم وێنەیە لە مێژووی هاوچەرخی جیهاندا.
بەڕێزان،
ئەمڕۆ ئێمە لێرە یادی (36) ساڵەی جینۆساید و ئەنفالكردنی (8000) بارزانی دەكەینەوە. ڕۆژی 31ی تەممووزی ساڵی 1983، هەر پیاو و مێردمنداڵێك بارزانی بووبێت، لای ڕژێمی عێراق تاوانبار بووه و گیراوە. دوای مانگێك، هەموویان لە بیابانەكانی پارێزگای موسەننا گوللەباران كران و خرانە گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە.
ئەو بارزانیيانە لە كۆمەڵگە زۆرەملێیەكانی قوشتهپه، بهحركه، ههرير و دیانا، دەستگیر كران. کۆتاییى حەفتاکان هەموو گوندەكانی دەڤەری بارزان ڕووخێندران و (2925) خێزانى بارزانی لەو كۆمەڵگە زۆرەملێیانەدا نیشتەجێ كران، دواتریش ههموویان بەكۆمەڵ ئەنفال كران.
ژیانی ژن و منداڵانی بارزانی دوای ئەو ئەنفالكردنە، زۆر سەختتر بوو. ئهو كات ئەركی ژیاندنی خێزانەكان بە تەواوی كەوتە سەر شانی ژنانی سەربەرزی بارزانی. منداڵهكانيان لەناو مەرگەسات و دۆخێكی زۆر ناخۆشدا گەورە كرد.
زۆر لە منداڵە بارزانییەكان ناچار بوون بەهۆی ترس و خراپتربوونی ژیانی خێزانەكانیانهوه، واز لە خوێندن بێنن. خێزانەكان بەهۆی ئەنفالكردنی سەرخێزانەوە، بە تەواوی ژیانیان لێ تێكچوو. هەموو ئەو ژن و پیاوانەش كە لە هەڵمەتی ئەنفالكردنەكە ڕزگاریان بوو، لە ترسێكی بەردەوامدا بوون و چاوەڕێ بوون ئەوانیش ڕۆژێك بگیرێن. ئەو دۆخە ناخۆشه كه بهسهر گهلی كوردستان و بهسهر بارزانییهكاندا هات لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی عێراقدا، تاوەكو ڕاپەڕینی (1991) بەردەوام بوو.
بەڵام دایکانى بارزانى، بە سەرى بەرز و بە تەحەدا و ئیرادەیەکى پۆڵایینەوە ڕووبەڕووى سەختییەکانى ژیان و قەدەر بوونەوە. لەلایەک بۆ منداڵەکانیان بوونە باوک و بە ڕەنج و کارکردن بژێوى ژیانیان پەیدا کرد، لەلایەکى دیکەشەوە منداڵەکانیان بە گیانێگى بەرزى کوردانە پەروەردە و گەورە کرد. ئەمڕۆ دەبینین ئەو منداڵانە گەنجى بەتوانا و لێهاتوون و لهمڕۆدا خزمەتى کوردستان و گهلهكهیان دەکەن. دەستى یەکە بە یەکەى ئەو دایکە ڕووسپیانە ماچ دەکەم و سوپاسیان دەکەم. بۆ هەمیشە ئێمە قەرزارى ئەو دایکە میهرەبان و خۆشەویستانەین، چ لێرە لە بارزان، چ لە گەرمیانى خۆڕاگر بن.
لێرەدا كە باسی ژیانی ئهو خێزانە بارزانییانە دەكەین، پێویستە وەك هەموو جارێك سوپاسی جوامێريی خەڵكی هەولێر و دەوروبەری بكەم، كە كوردانە و مرۆڤانە ئەوەندەی بۆیان كرا بە شێوەیەكی نهێنی هاوكاريی خێزانە بارزانییەكانیان كرد. بە ڕاستی هەولێری خۆشەویست وەك هەمیشە جوامێری نواند. هەروەك چۆن دواتریش جوامێری بەرامبەر دەربەدەركراوانی بادینان و كوردانی دەربەدەركراوی شەبەك نواند. زۆر سوپاس بۆ خەڵكی خۆشەویستی هەولێر، ئێوە یارمەتیدەرێكی گەورە بوون بۆ سەرنەگرتنی تهواوى پلانەكانی ڕژێم، بۆ جینۆسایدكردنی بارزانیيان. سوپاس بۆ خهڵكى ههرير و باتاس و ديانا و سۆران و دەوروبەریان، كه به ڕاستی ئهوانیش بهپێی توانای خۆیان هاوكاريى بارزانييهكانيان كرد.
ئەنفالكردنی بارزانییان بە هەموو پێوەرێك جینۆساید بوو. لەبەر ئەوەش دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بهعس، دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ڕۆژی 11ی ئایاری 2011 بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی ئەنفالی بارزانییانى دەركرد.
بەڕێزان..
بارزان و گوندهكانى ناوچهكه چەندین جار ڕووخێندراون و سووتێندراون. بۆ یەكەمجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانی بیست و سییەكانی سەدەی ڕابردوود، بارزان بە ناپاڵم و بۆمبی تەوقیتكراو بۆمباران كرا، چونكە ببووە مەكۆی ڕاپەڕین و شۆڕش، ئەو بزووتنەوەیەش لە باوەڕێكی قووڵەوە سەرچاوەی دەگرت.
بارزان خاوەن پێگەیەكی عیرفانی و دابونەریتی مرۆڤانەی بەرزە. بارزانییەكانیش خاوەن مێژوویەكی شۆڕشگێڕیی دێرینن. عەقیدەی بارزان، عەقیدەیەكی زۆر ڕیشەداكوتاو، ئامانجەكانیشی زۆر مرۆڤانە بوون. هەموو بارزانییەك بە گوێرەی ئەو عەقیدەیە، خۆی بە بەرپرسیار بینیوە بەرامبەر به خوا، لەبەر ئەوەش خۆی بە خاوەن ئەرك بینیوە بەرامبەر هەموو بوونهوهرێكى خوا.
بارزانییەكان بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و ژیانی هەموو مرۆڤ بە هەموو ئایینەكانەوە خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە. بەهۆی ئەو عەقیدەیهوە دانانی ڕێساكانی پاراستنی باڵندەكان، گیانەوەران و ژینگەیان بەگشتی كردووەتە ئەركی خۆیان. پاراستنی مافی ژنان و منداڵان یەكێك بووە لە تایبەتمەندییەكانی خێزان لە بارزان. پاراستنى مافی جووتیاران لە دەڤەری بارزان، سیستەمی دەرەبەگی لە ناوچەكەدا هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەپێی هەمان ئەو عەقیدەیە و سهرچاوهكهشی ئهو بیروباوهڕه بووه.
بارزانییەكان لەو باوەڕەدا بوون كە دادپهروهرى لە ژێردەستی و لە ستهمدا دروست ناكرێت، لەبەر ئەوە بۆ بەدەستهێنانی دادپهروهرى، دژى ستهم ڕاپەڕیون. لەوپەڕی نەبوونیدا، بە باوەڕێكی زۆرەوە خەباتیان كردووە لەپێناو رزگاريی خۆیان و دەوروبەر و نەتەوەكەیان.
لە بارزان، مزگەوت، دێر و كەنیشتە لە تەنیشت یەكتر بوون، دادپهروهريى نێوان موسڵمان و مەسیحی و جوولهكهش ئەوەندە لە ئاستێكی باڵادا بوو، مەسیحی و جوولهكهى ناوچەكانی دەوروبەر پەنایان هێناوەتە لای شێخهكانی بارزان بۆ پاراستنیان و سەندنەوەی مافەكانیان له خهڵكى ديكه.
عەقیدەی بارزان، بەردەوام لەناو ڕێسا مرۆڤایەتییەكاندا گەشەی كردووە و گۆڕانكارییەكی كۆمەڵایەتيی گەورەی دروست كرد. دوای ئەوە زۆر بە فراوانی و ئاشكرایی ئەو عەقیدەیە پەڕیەوە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و دەستپێكردنی خەباتی نەتەوەیی، بەتایبەتی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمدا.
شێخ عەبدولسەلام بارزانی، زانا و گەورەكانی كوردستانی لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كورد ڕێكخست و كۆكردەوە. داواكارییەكانی گهلى كوردستانی بە شێوەی نووسراو لە كۆمەڵێك خاڵی زۆر ڕووندا گەیاندە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و زلهێزەكانی ئەوكات. لەبەر ئەوەش شێخ عەبدولسەلام بارزانی بە دانەری یەكەمین مانیفێستۆ و ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان، دادەنرێت.
دوای لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە ساڵی 1914، عەقیدەی بارزان لەسەر دەستی شێخ ئەحمەدی بارزانی (خودانی بارزان)، لە هەرسێ ڕووی ئایینی و كۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕييهوه لە گەشەكردنێكی بەرچاو، بەردەوام بوو.
بارزانییەكان لەڕووی رووحییەوە زیاتر گەشەیان كرد، هەروەها پاراستنی ژینگە و گیانەوەران و باڵندەكانیان زیاتر بڵاوكردەوە و ئهو باوهڕهیان بەهێزتر كرد، چونكە دوای بڵاوبوونەوەی چەك و تەقەمەنی، خودانی بارزان زۆر ڕێنمایيی تازەی وردی دەركرد بۆ پاراستنی ژینگە و گیانەوەران و باڵندە لەدەست مرۆڤ. تەنانەت ڕێنماییەكانی خودانی بارزان گەیشتنە ئەوەی كە هانی بارزانییەكانی دەدا ئەگەر لەسەر رووباری زۆر گەورەش بن، نابێ زیاتر لە پێویستیی خۆیان، ئاو بەكار بێنن و نابێ ئاو بەفیڕۆ بدەن.
هەروەها جەنابی شێخ ئەحمەد، خەڵكی ڕادەهێنا لەسەر تەحەممولكردن و سەرنەوینهکردن بۆ هیچ ستهمكار و زۆردارێك. كاتێك دوای ڕووخاندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مەهاباد، لەگەڵ خێزانەكان و ژمارەیەكی زۆر لە بارزانییەكان گەڕایەوە عێراق، ماوەی سێ ساڵ له چاوەڕوانيى جێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان و نۆ ساڵ حوكمی زیندانی تاهەتاییدا، سەرەڕای زۆر داواكاری، ئامادە نەبوو نامهيهك بۆ مەلیك بنووسێت و داوای لێبوردنی لێ بكات، بەڵكو هەر لە زینداندا مایەوە تاكو لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمی مەلەكی و دروستبوونی كۆماردا، ئازاد كرا.
بەهۆی یەكگرتوويى و پابهندییان بە عەقیدە و كردەوە لەگەڵ یەكتر، بارزان و بارزانییەكان ڕۆڵ و پێگەیەكی گەورەیان لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستاندا هەبووە. يهكگرتووييى خۆیان دەپارێزن، بۆ ئەوەی هێزێكی كاریگەر بن بۆ مافەكانی گەلی كوردستان و دادپەروەری، چونكە بارزانییەكان بەو شێوەیە پەروەردە كراون و لەوەش كەمتر بە شایەنی مێژووی خۆیان نابینن.
عەقیدە و كولتووری بارزان، ڕێگەیەك بووە بۆ ڕازیبوونی خوا لە مرۆڤ و ڕازیبوونی مرۆڤ لە یەكتر، لەبەر ئەوەش هەموو بارزانییەك كە خاوەن عەقیدەیەكی ڕاستەقینە بووبێت، چاوی لەوە بووە خوا و دەوروبەرەكەی بە كردەوەكانی لێی ڕازی بن، نەك بە خۆسەپاندن، بۆيه بارزان هیچ كاتێك خۆی نهسهپاندوه و ستهمیشی به هیچ شێوهیهك قبووڵ نەكردووە، لەبەر ئەوەش بەردەوام لە شۆڕشدا بووە بۆ دادپهروهرى و ئازادی.
كوردستانییانی خۆشەویست،
ئێمە ئەمڕۆ كە ڕێز لە یادی ئەنفالكراوانی بارزانى دەگرین، لە هەمان كاتدا یادی ئەنفالكراوانی گەرمیان، بادینان، شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بالیسان، شێخ وەسانان و بێسەروشوێنكردنی كوردانی فەیلی دەكەینەوە. یادی كۆمەڵكوژيی شنگال دەكەینەوە.
سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ هەموو ئەو دایکە میهرەبان و جوامێرانەى دواى ئەنفالەکان هەر لە گەرمیانەوە تا بارزان و بادینان، ئەرکى سەختى ژیاندن و پەروەردە و گەورەکردنى منداڵانیان کەوتە ئەستۆ. ئەوان هەموویان هەڵگرى هەمان ژان و دەردەسەرى و سیمبۆلى ئەو ستەمە گەورەیەن کە لە گەلى کوردستان کراوە. زۆر جار لە یادى ئەنفالەکاندا، لێرە لە بارزان، دایکان و خەڵکى گەرمیانم بینیوە، لە گەرمیانیش دایکان و خەڵکى بارزانیم بینیوە. ئەوان هەڵگرى هاوبەشى هەمان هەست و سۆز و هەمان ئازار و ناسۆرى هاوبەشن، سڵاویان لێ بێت و دهستیان ماچ دهكهم.
لە یادی ئەنفالكردنی بارزانییاندا، جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و ڕووپێوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا، حكوومەتی فیدرالیی عێراق پێويسته قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان و زیانلێكەوتووانی كوردستان بكاتەوە.
جارێكی دیكه لێرهوه ئهو داوایه له حكوومهتی عێراق دهكهین كه پابهند بێت بهو بڕیارانه و قهرهبووی زیانلێكهوتوانی ئهنفالكراوانی كوردستان بكاتهوه.
جارێكی دیكە بەخێرهاتنی ئێوەی بەڕێز دەكەم و هەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی شەهیدانی جینۆسایدی بارزانییان و ئەنفالكراوانی گەرمیان، بادینان، شەهیدانی هەڵەبجە، شنگال و هەموو كوردستان.
بهخێر بێن
زۆر سوپاس.