لە یادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسی عێراقەوە دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و پاکتاوی ڕەگەزیی هاتن.
خوشک و برایانی فەیلی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە، لە بەرامبەر پشتگیریکردنیان لە شۆڕش و هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، دووچاری دەربەدەری و ڕاگواستن و بێسەروشوێنکردن و زەوتکردنی ماڵ و حاڵیان بوونەوە و بێبەشکران لە هەبوونی ناسنامە و مافە سەرەتایییەکانی ژیانیان، تەنیا ئامانجیش لە جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی سڕینەوەی شوناس و لەناوبردنی نەتەوەی کورد بووە لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە.
لەم یادەدا بە بیری حکوومەتی عێراقی دەهێنینەوە، کە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت و لە چوارچێوەی دەستووردا قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی کوردانی فەیلی بکاتەوە، هەروەها بەدواداچوونێکی زانستی و ئەکادیمییانە بکات بۆ بە دۆکیومێنتکردن و نووسینەوەی مێژووی کوردانی فەیلی و ناساندنی ئەم تاوانە بە ناوەندە ئەکادیمییەکانی دونیا و بەنێودەوڵەتیکردنی ئەم پرسە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/4