ئەمڕۆ یادی بەئازاری (46) ساڵەی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید و وڵاتبەدەرکردن و بێسەروشوێنکردنی خوشک و برایانی کوردی فەیلی دەکەینەوە. ئەو ستەملێکراوانەی لە شاڵاوێکی دڕندانەی ڕژێمی ئەوسای عێراقدا، تەنیا لەبەر کوردبوون و داکۆکیکردن لە ناسنامە و مافە ڕەواکانی گهلەکەیان، ڕووبەڕووی لهسێدارهدان، کوشتن، گرتن، شوێنبزركردن و دەرکردن بوونەوە و ڕەگەزنامە و سامان و ماڵ و موڵكيان لێ سەندرایەوە.
وڵاتبەدەرکردنی سەتان هەزار کوردی فەیلی و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزاری دیکەیان، جینۆسایدێکی ڕەگەزپەرستانەی بەعس بوو کە مێژوویەکی ڕەش و ڕابردوویەکی تاڵی پڕ لە هەڵەی بۆ عێراق بەجێهێشت. لەم یادەدا دووپاتى دهكهينهوه حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دهبێ ئەرکى خۆى جێبهجێ بكات و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه تاوانهكهى به جينۆسايد ناساندووه، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و ڕەگەزنامە و موڵک و ماڵیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
خەبات، دڵسۆزی و قوربانیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بۆ هەمیشە جێی شانازیی گەلەکەمانە. دەبێ ئەو ڕابردووە تاڵە بۆ هەموومان ببێتە پەند و وانە و بۆ داهاتوویەکی باشتر لەسەر بنەمای پێکەوەیی و یەکترقبووڵکردن لە عێراقدا سوودی لێ وەربگرین، بۆ ئەمەیش بەردەوام لە هەوڵ و کۆششدا دەبین و هەرچی پێویست بێت هاوکار دەبین.
سڵاو و دروود بۆ یاد و گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و تەواوی شەهیدانی کوردستان. سڵاو و ڕێز بۆ بنهماڵه و كهسوكارى سەربەرزیان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/4