Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یادی شەهیدانی 1ی شوبات

2026-02-01T06:10:00.000000Z
هه‌واڵ

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد.

شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/2/1