Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌كه‌ى سه‌ر ئه‌لتاجى سه‌رکۆنه‌ ده‌كات

2020-03-12T04:13:15.000000Z
لێدوان

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاگه‌يه‌نراوێكدا به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردووى سه‌ر هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له به‌غدا كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كييه‌ ده‌كه‌ين كه ‌شه‌وى ڕابردوو هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سه‌ربازگه‌ى ئه‌لتاجى له‌ به‌غدا كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك سه‌ربازى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى گيانيان له‌ده‌ست دا و ژماره‌يه‌كى ديكه‌شيان بريندار بوون.

له‌ كاتێكدا هاوسۆزى و هاوخه‌ميمان بۆ خانه‌واده‌ى قوربانيان و وڵاته‌كانيان ده‌رده‌بڕين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشه‌ پێشهاتێكى ترسناكه‌ و زيان به‌ به‌رژوه‌ندييه‌كانى عێراق ده‌گه‌يه‌نێت و دۆخى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌، به‌تايبه‌تى كه‌ هێشتا تيرۆر مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و داعش هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددييه‌ له‌سه‌ر ئه‌من و ئاسايشى عێراق و ناوچه‌كه‌ و بۆ له‌ناوبردنيان پێويستى به هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييه‌.

داوا له‌ لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ين هێرشكاران بدۆزنه‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووى ياسايان بكه‌نه‌وه‌، ڕێگه‌ش له‌ دووباره‌بوونه‌ى ئه‌م هێرش و دوژمنكاريانه‌ بگرن كه‌ ده‌بنه‌ هۆى نانه‌وه‌ى پشێويى زياتر و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

12/3/2020