Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و حه‌لبووسى له‌ دۆخى عێراق و پرسى ده‌ستوور ده‌كۆڵنه‌وه‌

2019-11-13T09:16:35.000000Z
هه‌واڵ

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌رباره‌ى بابه‌تى هه‌موارى ده‌ستوورى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستوور خۆى نا، به‌ڵكوو جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور كێشه‌يه‌ و هه‌ر هه‌موار و گۆڕانكارييه‌كيش له‌ ده‌ستووردا، ده‌بێ له‌ به‌رژوه‌نديى عێراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا بێت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى بپارێزێت.

له‌ دووه‌مين كۆبوونه‌وه‌يدا له‌ به‌غدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى ياوه‌رى، له‌گه‌ڵ به‌ڕيز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، پێشهاته‌كانى عێراق به‌گشتى و پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ و گۆڕانكاريى ده‌ستووريان به‌تايبه‌تى تاوتوێ كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موار و گۆڕانگارييه‌ك له‌ ده‌ستووردا ده‌بێ بۆ خزمه‌تكردن و به‌رژوه‌نديى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق و به‌پێى ميكانيزمه‌ ده‌ستوورييه‌كان بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى هه‌نووكه‌ييى وڵات، كارى په‌رله‌مانى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان فراكسيۆنه‌كان، ڕۆڵى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا و پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات به‌گشتى خرايه‌ به‌ر باس، بيروڕاش ده‌رباره‌ى چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى ناوچه‌كه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.