
هه‌ر له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2022/11/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌يد عه‌مار ئه‌لحه‌كيم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له پێويستيى تهبايى و هاريكارى و تێگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق كرده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ى وڵات و پشتگيريكردنى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵى عێراق تا بتوانێت سه‌ركه‌وتووانه كارنامه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه قۆناغى ئێستا و دۆخى وڵات وا ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵات و لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێكه‌وه بهرپرسياريهتيى هاوبه‌ش هه‌ڵگرن و هاريكارى بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى وڵات به كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداشه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن و ئارامى و سه‌قامگيرى و سهروهريى عێراق پارێزراو بێت.

