Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و ئه‌لسوودانی دۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

2023-03-14T18:01:05.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/3/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌می، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی ده‌ربڕی بۆ ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو تا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی و حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ئه‌و كارانه‌ی تا ئێستا له‌ کارنامه‌ی حکوومه‌ت جێبه‌جێی كردوون، به‌ ئه‌رێنی و مایه‌ی ئومێد ناوزه‌د كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی عێراق و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ ته‌بایی و له‌یه‌كگه‌یشتن، ده‌ربڕی.

به‌ڕێز ئه‌لسوودانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌قامگیری و ئاسایش و پێشكه‌وتنی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ گرێدراوه‌، به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌یشی به‌ خزمه‌تێكی بچووك زانی به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و شاره كراوه‌.

هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرنگی و پێویستیی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوان هێز و پێكهاته‌ عێراقییه‌كان بۆ پاراستنی سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور هاوڕا بوون، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیی كه‌رتی تایبه‌ت و ڕۆڵی له‌ پێشخستنی وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی به‌شدارییان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كرد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پارێزگار و سه‌رۆكی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تیایدا بیروڕایان ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گۆڕییه‌وه‌.