Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌دواداچوون بۆ لافاوه‌كانى هه‌ولێر ده‌كات

2021-12-17T08:06:56.000000Z
هه‌واڵ

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/12/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر، به‌دواداچوونى بۆ دۆخى ئه‌و شوێنانه‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر كرد كه‌ به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ به‌هۆى بارانێكى زۆره‌وه‌ تووشى لافاو هاتن و له‌ ئه‌نجامدا به‌داخه‌وه‌ ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى گيانيان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌يه‌كى ديكه‌شيان بريندار بوون، وێڕاى كه‌وتنه‌وه‌ى زيانێكى زۆرى ماڵى.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕينى هاوخه‌مى و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى بۆ خانه‌واده‌ى قوربانييان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندار و ده‌زگا حكوومييه‌كان، خێرا و به‌ پله‌ى يه‌كه‌م كار بۆ ڕزگاركردنى گيانى هاووڵاتييان بكه‌ن و هه‌رچى پێويسته‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ زووترين كاتدا به‌ هاناى لێقه‌وماوانه‌وه‌ بچن و هاوكارييان بكرێت، نه‌خۆشخانه‌كانيش له‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشيدا بن بۆ پێشوازيكرن له‌ قوربانييان و چاره‌سه‌ركردنيان.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز پارێزگارى هه‌ولێر دۆخى شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى ڕوونكرده‌وه‌ و باسى له‌ پرۆسه‌ى فرياكه‌وتن و ڕزگاركردن و كارى تيمه‌ فرياگوزارييه‌كان كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى لافاوه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌كار بوون و به‌هاناى لێقه‌ومانانه‌وه‌ چوون، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ داموده‌زگا و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان له‌كاردان و به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن و كارى پێويست ئه‌نجام ده‌ده‌ن.