![](https://presidency.gov.krd/uploads/old_images/2023/10/NB_Konsli-Imarat-8-10-2023.jpg)
به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2023/10/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئه‌لزاهرى، كونسولى گشتيى ئيمارات له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له ديدارێكدا، وێڕاى گه‌ياندنى سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئيمارات به به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئيمارات بانگهێشتنامه‌يه‌كى سه‌رۆك شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نههيانى به سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گه‌ياند بۆ سه‌ردانى ئيمارات و به‌شداريكردن له كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى جيهانيدا بۆ كارى كه‌شوهه‌وا (COP28) كه ڕۆژانى يه‌ك و دووى ديسه‌مبه‌رى داهاتوو له شارى ئێكسپۆ دوبه‌ى ئه‌نجام ده‌درێت و له‌گه‌ڵ ڕۆژى نيشتمانيى ئيماراتدا هاوكاته.
كۆبوونه‌وه‌كه له چوارچێوه‌ى گه‌ڕى بيست و ههشتهمينى كۆنگره‌ى لايه‌نه‌كانى ڕێككه‌وتنى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كاندا ده‌رباره‌ى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا دێت كه ئيمارات سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌م گه‌ڕه‌ى ده‌كات و له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى پاريس پرسه‌كانى تايبه‌ت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و چۆنيهتيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى و ڕۆڵى وڵاتانى جيهان له كه‌مكردنه‌وى مهترسييهكانيدا، تاوتوێ ده‌كات.
ده‌رفه‌ته‌کانی وه‌به‌رهێنانی ئیماراتی له عێراق و هه‌رێمی کوردستان و بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان، دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.
![](/uploads/old_images//2023/10/NB_Konsli-Imarat1-8-10-2023-scaled.jpg)
![](/uploads/old_images//2023/10/NB_Konsli-Imarat2-8-10-2023-scaled.jpg)