سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌ دۆخی که‌مپی شاریا ده‌پرسێته‌وه‌

News
- 4 June 2021

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ٢٠٢١/٦/٤ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆک له‌ دۆخی که‌مپی شاریای پرسی که‌ تایبه‌ته‌ به‌ خوشک و برایانی ئاواره‌ی ئێزدی و پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئاگرێکی گه‌وره‌ی لێکه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ک ئاواره‌ بریندار بوون و زیانێکی زۆر به‌ که‌مپه‌که‌ گه‌یشت.

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ییی خۆیان و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی بۆ هه‌موو هاوکارییه‌ک و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان و که‌مپه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانیان پێشکه‌ش بکرێت.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز پارێزگاری دهۆک سوپاسی په‌یوه‌ندی و به‌دواداچوونی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی کرد و له‌ دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی لێقه‌وماوان و که‌مپه‌که‌ و هه‌نگاو و ڕێکاره‌کانی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا ئاگادار کرده‌وه‌.