Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌

2023-02-18T10:57:08.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 2023/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز تۆماس ئيرندڵ جێگرى سه‌رۆكى كۆميته‌ى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ كۆبووه‌وه‌ كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ په‌رله‌مانته‌رانى هه‌ردوو پارتى (CDU) و (CSU) پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى داروسێ و ناوچه‌كه‌، خرانه‌ به‌ر باس.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى سه‌ربازى و مرۆييى ئه‌ڵمانيا و په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌ركى هێزه‌كانى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ناساندنی کۆمه‌ڵکوژیی ئێزدییان به‌ جینۆساید، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيانه‌وه‌ شاندى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا ڕۆڵ و كاريگه‌ريى هه‌رێمى كوردستانيان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر و تێكشاندنى داعشدا به‌رز نرخاند و دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌لمانيا وه‌ك هاوبه‌شێك به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و پشتگيرى له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان ده‌كات.

لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا، دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى به‌گشتى ڕووبه‌ڕووى جيهان ده‌بنه‌وه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.