Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و عه‌مار ئه‌لحه‌كيم كۆبوونه‌وه‌

2020-09-02T08:24:24.000000Z
هه‌واڵ

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌يد عه‌مار ئه‌لحه‌كيم، سه‌رۆكى ڕه‌وتى ئه‌لحيكمه‌ى نيشتمانى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و پرسى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت و كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ و گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان، خرانه‌ به‌ر باس. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان و پێكهێنه‌رانى هاوپه‌يمانيى عێراقييوون كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى ئيراده‌ى سياسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات و هاوكارى و كارى پێكه‌وه‌يى له‌نێوان لايه‌نه‌ نيشتمانييه‌ عێراقييه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ به‌ ڕوانينێكى نوێ بۆ داهاتوو هه‌نگاو بنێن، ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دييه‌كان ببنه‌وه‌ و وڵات له‌ كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان ده‌رباز بكه‌ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر، پرۆسه‌ى سياسيى وڵات و گرنگيى به‌شدارى و هاوبه‌شيى پێكهاته‌ عێراقييه‌كان تيايدا، پاراستنى ياسا و سه‌روه‌ريى وڵات، پابه‌ندی به‌ ده‌ستوور و سيستمى فيدرالييه‌وه‌ بۆ پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و چه‌ند پرسێكى دى باس كران و بيروڕايان له‌باره‌يه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.