
سهرلهبهيانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2022/7/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز مايك برايسۆن ڕيچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، ده‌ستنيشانكردنى كانديدى پۆستى سه‌رۆك وه‌زيرانى داهاتووى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانيان به‌تايبه‌تى له بوارى نه‌وت و گازدا، بۆمببارانكردنى ئه‌م دواييه‌ى كێڵگه‌ى گازی كۆرمۆر و بۆمببارانكردنى هه‌فته‌ى ڕابردووى سه‌يرانگه‌يه‌كى گه‌شتيارى له زاخۆ، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هاتنه كايه‌ى حكوومه‌تێك كه ببێته هۆى جێگيربوونى سهقامگيريى سياسى و ئه‌منى و بتوانێت خزمه‌تگوزارى و ده‌رفه‌تى كار پێشكه‌ش به هاووڵاتييانى عێراق بكات و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواستى عێراقييه‌كان بێت.
له‌مباره‌يه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانيان به‌تايبه‌تى له بوارى نه‌وت و گازدا، هه‌روه‌ها به پێويستى زانى كه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له ڕيزبهنديى پێشه‌وه‌ى كاره‌كانى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق بێت.
هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو و گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دوايين پێشهاته‌كان له سووريا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه به‌ڕێز دهيڤد هه‌نت كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌رێمى كوردستان تیایدا به‌شدار بوو.
