Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌‏

2023-03-08T09:40:32.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/3/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئەنالینا بێربۆک، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ‏سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى سه‌ربازى و مرۆيى و سياسيى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر هێشتا ‏به‌رده‌وامن، بۆيه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى ‏ئه‌ڵمانيا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.‏

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو بيربۆك دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئابوورييان ده‌ڕوانێت. له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى ‏ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرد كه‌ ده‌بێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌. ‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك ئاماده‌ى ‏بوو، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو. تيايدا ‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ هه‌بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنيى گفتوگۆى نێوان ‏هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ هه‌ماهه‌نگيى ‏پته‌وى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كرد.‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ئاواره‌ و ‏په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و ئێزدييان به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش،‎ ‎ته‌وه‌رێکی ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو‌. تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتگيرى و هاوكاريكردنى ئێزدييان و ‏ناساندنى كۆمه‌ڵكوژييان به‌ جينۆسايد له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا.‏