ئێوارەی ئەمڕۆ ٢\١٢\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز میخائیل بەگدانۆڤ نێردەی تایبەتیی بەڕێز ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا و جێگری وەزیری دەرەوی ڕووسیا کرد کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی هاوبەشی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابووریی وڵاتەکەی سەردانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
بەڕێز بەگدانۆڤ سڵاو و ڕێزی سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دەرفەتی ئەم کۆبوونەوەیە دەربڕی بۆ ئەوەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و پرسەکانی جێی بایەخی هەردوولا بکەن، هەروەها ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستى ڕووسیای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، پاشان پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ هەریەکە لە تاران، بەغدا و هەولێر خستە ڕوو.
ئینجا هەردوولا دۆخی عیراق و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامەکان و دید و خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عیراق تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سەر ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە کە کاریگەرییان لەسەر عیراقیش هەیە و جێی بایەخی ڕووسیان، وەک دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکە. هەر لەمبارەیەوە بەڕێز بەگدانۆڤ باسی لە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە کرد.
لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان دا و سوپاسی سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بۆ ناردنی سڵاو ڕێزیان کرد و پێزانین و سوپاسگوزاریی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە ڕووسیا کرد کە لە کاتە سەختەکاندا پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەروەها سڵاو ڕێزی پێشکەش بە سەرۆک پوتین و بەڕێز وەزیری دەرەوی ڕووسیا کرد و ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەدوانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لە عیراق بەشێک دەبێت لە چارەسەر و بەشێک نابێت لە کێشەکان و چاوەڕێی ئەوەن لایەنە شیعییەکان ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکەن تا دواتر بە پێی ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان پرۆسەی دامەزراندنی حکوومەت دەستپێ بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی گرنگە هەموو لایەنێک درک بە هەستیاریی قۆناغەکە بکەن و کار بۆ ئارامی و سەقامگیری بکەن.
دەربارەی دۆخی سووریاش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕوونی کردەوە کە دۆخ و قەیرانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی عیراق هەیە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ڕوون بووە کە پێویستە کورد لە چوارچێوەی سووریادا کێشەی خۆی چارەسەر بکات و بوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکانیانی بە پێویست و گرنگ زانی.
هەردوولا باسیان لە لیژنەی هاوبەشی عیراقی - ڕووسی کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە هەرێمی کوردستان لەو لیژنەیە سوودمەند بێت. سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش تێگەیشتنی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و هێزە جیهانییەکانی بە پێویست زانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە تەنیا هێز و لایەنێک چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو بۆ ئەم مەبەستە هاوکاریی هەمەلایەنە پێویستە و هەردوولا کۆک بوون کە داعش هێشتا لە عیراق و سووریا و ناوچەکە هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.