Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان پێشوازى له‌ سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى كرد

2022-10-03T11:41:00.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/10/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى ‏فيدراڵى كرد.‏

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى ‏فيدراڵى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ‏پاراستنى ئاشتيى ناوخۆيى، تاوتوێ كران و داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گفتوگۆ تاكه‌ ‏ڕێگه‌يه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ خوێن و گيانى هاووڵاتييان و پاراستنى ‏خۆپيشانده‌ران له‌ هه‌موو عێراق، هه‌روه‌ها پاراستنى ماڵ و سامانى تايبه‌ت و گشتى، ‏خواست و ئامانجى هاوبه‌شن و هه‌مووان ده‌بێ هاوكاريى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان بكه‌ن بۆ ‏جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانيان و پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵات.‏

دوايين پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كان و به‌ئامانجگرتنى چه‌ند شوێنێكى هه‌رێمى كوردستان، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ ڕێز ‏له‌ سه‌روه‌ريى عێراق بگيرێت و ڕه‌تيانكرده‌وه‌ عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى ‏يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌ هه‌رێمييه‌كان، هه‌روه‌ها دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندن به‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ‏به‌وه‌ى خاكى عێراق نه‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ‌ ئه‌و وڵاتانه‌.‏