Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيران، ئه‌لسوودانى كۆبووه‌وه‌

2022-11-22T09:53:11.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/11/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيی یه‌كهه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی كرده‌وه‌ و یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگييان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارييه‌كان له‌ بوارى ئابووری و بژێوی ژیان و خزمه‌تگوزاریه‌كاندا به‌ پێویست زانی به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیيانى عێراق.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ دووپاتی كرده‌وه‌ كه ‌حكوومه‌تی فیدراڵ پابه‌ندى ‌ده‌ستووری عێراقه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌شێوه‌یه‌ك كه ‌مافی هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر بكات.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كرد بۆ متمانه‌وه‌وه‌رگرتنی حكوومه‌ته‌كه‌ی و گه‌شبینيی خۆی به ‌تواناكانی حكوومه‌تی نوێ له‌ گواستنه‌وه‌ی وڵات بۆ قوناغێكی جیاوازتر ده‌ربڕى كه‌ زمانی لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری تيايدا زاڵ بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌منی له ‌ناوچه‌ سنووریيه‌كانی عێراق كرا و داكۆكى له‌ هاوكاریی نێوان هه‌ردوولا كرايه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌روه‌ريی عێراق و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌زاندنه‌ به‌رده‌وامه‌كان و كاركردن بۆ ئه‌‌وه‌ی خاكی عێراق نه‌بێته‌ پێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێكى دراوسێ.