
پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13/2/2024 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كە بەڕێز وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
لای خۆیەوە بەڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
