Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى دره‌وه‌ى ڤاتيكان كۆبووه‌وه‌

2023-02-18T12:28:49.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى ديداره‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 2023/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پۆڵ ڕيچارد گاڵاگه‌ر، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕاى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ڤاتيكان، هه‌ردوولا دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ڕه‌وشى پێكهاته‌ ئايينييه‌كان، بار و گوزه‌را‌نى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى پێكهاته‌ى مه‌سيحى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقيان، تاوتوێ كرد.

به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان، وێڕاى نيشاندانى پشتگيريى ڤاتيكان بۆ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵى و پێزانينى ڤاتيكان و قه‌داسه‌تى پاپاى بۆ ئه‌زموونى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێوان پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستى و ميوانپه‌روه‌ريى هه‌رێمى كوردستانى به‌رامبه‌ر به‌ ئاواره‌ مه‌سيحييه‌كان و ئاواره‌كان به‌گشتى، به‌ مايه‌ى ڕێز و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ڤاتيكان و دوا سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى ده‌مێنێته‌وه‌.

دۆخى سياسيى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.