Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

2024-05-04T08:16:19.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/5/4 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان سيناتۆر جۆنى ئێرنتس و سيناتۆر تێد با‌د و ژماره‌يه‌ك له‌ ياوه‌رانيان پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، تاوتوێ كرا.

شانده‌كه‌ به‌رده‌واميى پشتيگريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌يان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌مه‌ريكا وه‌ك هاوپه‌يمانێك بايه‌خ و گرنگى به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌دات. هه‌روه‌ها ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌يان له‌ تێكشكاندنى داعش و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقدا كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى سێنات و كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا كرده‌وه‌.

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوون.