له درێژه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2022.11.27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوا پێشهاته‌كانى وڵات له بواره‌كانى ئه‌منى و سياسى و خزمه‌تگوزاريدا تاوتوێ كران و چه‌ند پرسێكى گرنگيان خسته به‌ر باس وه‌ك چارچێوه‌ى كارى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه به‌شێكه له ئامانجه‌كانى كارنامه‌ى حكوومه‌تى نوێى عێراق و هه‌وڵدانى بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان له ته‌واوى وڵات.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى دۆسيا ئه‌منييه‌كان و كاركردن له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه سنوورييه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێدا كرده‌وه وه‌ك له دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاريى ئاسايشى نيشتمانيدا بڕيارى لێدراوه.