Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كار و چالاكييه‌كانى ژاپۆن ده‌كات

2021-04-25T09:47:51.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كار و چالاكييه‌كانى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ به‌ درێژاييى ساڵانى ڕابردوو ئاژانسى جايكاى ژاپۆنى بۆ هاريكاريى نێوده‌وڵه‌تى و لايه‌نه‌ حكوومييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌‌، چه‌ندين كار و پرۆژه‌ى ژێرخانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌ و له‌ قه‌رزه‌كانياندا بۆ عێراق، ڕه‌چاوى به‌شى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه.‌

له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نيكيهيرۆ ئاراكاوا به‌رپرسى نوێى نووسينگه‌ى كونسولگه‌ريى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/4/25 به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى و ئاماده‌يى بۆ هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ ئه‌ركه‌كه‌ى، هيواى خواست ژاپۆن ئاماده‌يييه‌كى كاراترى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت، له‌ كار و پرۆژه‌كانى به‌رده‌وام بێت و له‌ هه‌ر يارمه‌تى و هاريكارييه‌كى داهاتوويدا بۆ عێراق ڕه‌چاوى به‌شى هه‌رێمى كوردستان بكرێت.

به‌ڕێز به‌رپرسى نوێى نووسينگه‌ى كونسولگه‌ريى ژاپۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان، خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خۆشحاڵه‌ كه‌ توانيويه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان هاريكار بێت، هه‌روه‌ها خوازياره‌ بواره‌كانى هاريكارى له‌نێوان هه‌ردوولادا بره‌و پێبدات. وێڕأى سوپاس و پێزانين، هيواى به‌رده‌واميى ئه‌و ئاسانكارى و پشتگيرييه‌ى خواست كه‌ پێشكه‌ش به‌ كار و پرۆژه‌كانى ژاپۆن و ئه‌ركه‌كانى نووسينگه‌ى كونسولگه‌ريى ژاپۆن له‌ هه‌ولێر كراون.

له‌ چه‌ند ته‌ورێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و ژاپۆن و ده‌رفه‌تى هاريكاريى نێوانيان له‌ بواره‌ جياكاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، به‌ره‌نگاربوونه‌وى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كران.