Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بانگهێشتى كۆمكارى عه‌ره‌بى ده‌كرێت

2021-04-10T15:18:40.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌يت ئه‌مینداری گشتیی كۆمكارى وڵاتانی عه‌ره‌بى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ عێراق دابين ده‌كات و دواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان عيراق ده‌بێته‌وه‌ به‌ وڵاتێكى به‌هێزى ناوچه‌كه‌ و ڕۆڵى ناوچه‌يى و نێوده‌وڵه‌تيى خۆى ده‌گێڕێت و جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌، هاريكاريى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌موو هێز و پێكهاته‌كان پێويست و گرنگه‌.

به‌ڕێز ئه‌لغه‌يت ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ عێراق سه‌رچاوه‌ى مرۆيى و سروشتيى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌يه‌ و هه‌موو پشتگيرييه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان و تێپه‌ڕأندنى سه‌ختييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر دووپات كرده‌وه‌ و به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له‌ قاهيره‌ بانگهێشت كرد.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غداين بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وڵات دۆخى عێراق و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌كان تاوتوێ بكه‌ين و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ين، بۆ ئه‌وه‌ش ئيراده‌ى چاره‌سه‌رمان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور هه‌يه‌ و ده‌بێ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن تاكو سه‌قامگيرى له‌ عێراق بێيته‌ ئاراوه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.