Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ یه‌کڕیزی و ته‌بایی ده‌کاته‌وه

2019-11-26T12:35:58.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 26/11/2019ی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وەڵامى پرسیارى ڕۆژمامه‌واناندا ئامانجی سەردانەکەی بۆ سلێمانی خستەڕوو. بەڕێزیان ڕایگەیاند "لەگەڵ هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێم هاتووین بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو پەیامە، کە پێویستە هەموو لایەکمان پێکەوە کار بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراق".

دەربارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی بەڕێزیان گوتی: "کۆبوونەوەکانمان دوای ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە لە سەرۆکایەتیی هەرێم کردمان، بڕیاری ئەوەمان دا لەگەڵ هەردوو جێگرانی به‌ڕێز سەردانی ئەو حزبانە بکەین، ئەمڕۆ ئێمە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان کرد، سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانمان کرد، سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەین. ئەولەویەتی یەکەمی ئێمە ئێستا ئەوەیە کۆدەنگی دروست بکەین لە بەغدا و پێکەوە هاوپەیمانییەکی کوردستانی دروست بکەین، چونکە ئەگەر هەر لایەنێک تەنیا بۆ خۆی کار بکات، پارتی بە جیا، گۆڕان، یەکێتی و لایەنەکانی تر بە جیا، هەموومان پێکەوە دەبین، دەبینین ژمارەیەکی باشمان لە پەرلەمانی عێراق هەیە. ئێستا ئەولەوییەتی ئێمە ئەوەیە لە سەرۆکایەتیی هەرێم، بتوانین ئەو هاوپەیمانییە دروست بکەین لە بەغدا".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاشكرای كرد: "پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندییەکی باشە، ئێوە ئاگادارن شاندى هەرێمی کوردستان دووجار سەردانی بەغدای کردووە و هەفتەی داهاتوو جارێکی تر سەردانی بەغدا دەکەن. مەبەستەکە ئەوەیە بگەین بە ڕێککەوتنێک لەسەر نەوت و مەسەلەی بودجەی عێراق. بۆ ئەو مەبەستەش لە هەفتەی داهاتوودا دیسانەوە شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا و تائێستا کۆبوونەوەکان بە باشی بەڕێوە چوون و ئومێدی ئەوە هەیە بتوانین ئەنجامێک لەو گفتوگۆیانە بەدەست بێنین کە ئێستا لەگەڵ بەغدا هەمانە. لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە بەردەوامین لەگەڵ بەغدا بۆ یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی لەم قۆناغە سەختەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی تێیکەوتووە و کاریگەری لەسەر وەزعی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش هەیە، پەیامەکەی ئێمە ئەوەیە کە یارمەتیدەر بین بۆ دەرچوونی عێراق لەو دۆخە".

دەربارەی ئەگەری کۆتاییهاتنی قەیرانەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە: "خەڵکی کوردستان لەم چوار پێنج ساڵەدا زۆر بەرگەى گرتووە. چەند جارێک گوتوومە و ئێستاش بە دەرفەتی دەزانم دووبارەی بکەمەوە، ئەگەر تێگەیشتنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نەبووایە، دۆخی هەرێم بەو شێوەیە کە ئێستا هەیە بەڕێوە نەدەچوو. یەکەم شت سوپاسیان دەکەین، هەوڵی هەموو لایەکمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت، بەندە، هەر هەموومان ئەوەیە بتوانین لەم دۆخەى هەیە دەربچین، بەو هیوایەى بتوانین ئایندەیەکی گەشتر دەستەبەر بکەین بۆ خەڵک و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. گەشبینم بەوەی لە ئەنجامی بەرگەگرتنى ئەو خەڵکە و تێگەیشتنیان، هیوادارم کە ئاسۆیەکی باش چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکات".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق خستەڕوو و ڕایگەیاند: "هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ئه‌وه‌یه‌ هەر هەموارکردنێكی دەستوور کە ببێتە هۆی باشترکردنی دۆخى هاووڵاتییانی عێراق بە شیوەیەکی گشتی، هەرێمی کوردستان ئامادەیە قسەی لەسەر بکات. ئێمە ئامادەین و دەمانەوێ، چ ماددەیەکی دەستووری ڕێگرە لەوەی کە خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین بکرێت؟! بە شیوەیەکی گشتی، ئێمە ئامادەین هەر ماددەیەکی دەستووری کە ببێتە هۆی ئەوەی بارودۆخی هاووڵاتییانی عێراق بەرەو باشتر بڕوات، بێگومان هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات و هاوکاریش دەبێت بۆ هەموارکردنەوەی".

سەبارەت بە بوونی پڕۆژەیەک بۆ باشتربوونی بارودۆخی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەڕێزیان گوتی: "ئەو شتانەی ئێستا حکوومەتی هەرێم دەیکات و بەو هاتووچۆیانەى ئێستا بۆ بەغدا دەیکەین، هەموویان لەپێناوی ئەوەیە دۆخى هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر بەرن. ئەوەی عێراق جیاوازە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترە، شایستەی خزمەتگوزارییەکی باشترە، ئەم خۆپیشاندانانەش کە ئێستا لە عێراق دەکرێت، ناتوانین بەراوردی بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئێمە منەتێک ناکەین، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان شایستەی ئەوەن کە دۆخیان لەوەی ئێستا هەیە باشتر بکرێت. من بە دڵنیاییەوە دەڵێم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکی خۆیەوە هەوڵ دەدات ئەوەی لە دەستی بێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بیکات. ئەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەستی پێکردووە لە ناردنی شاند بۆ بەغدا، هەمووی لەو چوارچیوەدایە".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕیککەوتننامەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە: "ئێستا شاندى هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و چوونیان بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە بگەن بە ئەنجامێک لەو گفتوگۆیانە. لەسەر نەوت گفتوگۆ کراوە، هەفتەی داهاتوو لەسەر مەسەلەی بودجەش قسە دەکرێت و ئێمە گەشبینین بەوەی بگەین بە ئەنجام".

سەبارەت بە ئەگەری لادانی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پۆستەکەی، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "مەسەلە گۆڕین نییە، هەر هەنگاوێک لە بەرژەوەندیى عێراقدا بێت، ئێمە لەگەڵیداین، بەڵام پێمان وانییە بە گۆڕینی کەسێک دۆخەکە چارەسەر بکرێت. ئەگەر لێکی بدەینەوە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی یەک ساڵە بووەتە سەرۆک وەزیران، ئەم کێشانەی ئێستا لە عێراق هەیە، کێشەکانی پێشترن و هی یه‌ك ساڵ نین، ئەمە بە یەک کەسیش چارەسەر ناکرێت، ئەمە دەبێ کۆدەنگییەکی تەواو لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا هەبێ، ئێمەش وەکوو بەشێک، ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمە بە سەردانی چەند جارم بۆ بەغدا و دانیشتنم لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، دووپاتی ئەوەم کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی هاوکارییە بۆ ئەوەی هەوڵ بدات عێراق لەم کێشەیەی ئێستا تێیکەوتووە دەربچێت".

دەربارەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: "یەکێک لەو کارانەی دەستمان پێکردووە مەسەلەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیە. هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێم بەڕێزان مستەفاى سەید قادر و شێخ جەعفەر مستەفا زۆر بە جددی خەریکن کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، تا ئێستا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی باشیان کردووە، کۆبوونەوەکان بەردەوامە، لەگەڵ هاوپەیمانانیش کۆبوونەوە هەیە کە ئێستا یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەو ڕیفۆرمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت، ئێمە بە جددی خەریکی ئەو دۆسیەیەین و هیوادارین بگاتە ئەنجامێکی باش".

دەربارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، بەڕێزیان ڕوونی کردەوە: "عێراق هیچ كات لەسەدا حەڤدەی بودجەی هەرێمی کوردستانی نەداوە، لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ لەسەدا یازدەی ناردبێت و کەمتریش، لەبەر ئەوە، ئەوەی ئێستا باسی دەکەین، سیستمی فیدراڵیی هەموو جیهان بە شیوەیەکە لە ناوەندەوە پارە بدرێت بە هەرێمەکان کە (مینحە)یە. ئەگەر ئێمە بتوانین لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوین لەسەر ژمارەیەک، وەک ئەوەی ئێستا ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵی بۆ دەدەین، باشترین چارەسەرە".

پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دوایین بەشی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو و بەڕێزیان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان قسەمان کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیەکی هاوبه‌ش دەکەین و باسی چۆنیەتیی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەین".