ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 8/6/2022 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حزبی و حكوومیی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ر و میوانانی وڵاتانی بیانی و عیراقی و مامۆستا و كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی، له سلێمانی ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی یازده‌هه‌می قوتابیانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له عیراق ـ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق..
بەڕێزان سه‌رۆك و مامۆستایانی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی بۆردی زانکۆ ..
ئامادەبووانی بەڕێز .. ئێوارەتان باش و به‌خێر بێن
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە سلێمانیم، لە شوێنێکی گرنگ کە زانکۆی ئەمریکییە، لە بۆنەیەکی زۆر خۆشدا کە ئەویش ڕێوڕەسم و ئاهەنگی دەرچوونی (٢٩١) خوێندکاری ئەم زانکۆیە یه.
سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی قوتابیانی دەرچوو بکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە دایک و باوکیان دەکەم. زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و هەموو مامۆستایانی زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی دەکەم، بۆ پێگەیاندنی ئەم ژمارهيە لە گه‌نجه خۆشەویستەکانمان.
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی ئەو (٣٢) دەرچووە بکەم کە خەڵکی ئەفغانستانن و ئەمڕۆ لەم زانکۆیە دەردەچن. هیوادارم بەو زانستەی لێرە وەریانگرتووە ببنە پشتیوان بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلهكهيان. سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌م كه ده‌رفه‌تیان ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قوتابیانه له‌م زانكۆیه‌دا بخوێنن، چ ئه‌وانه‌ی كه له ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیی ئه‌م خوێندكارانه‌یان دا، چ سه‌رۆك كۆماری عیراق كه من ئاگادارم زۆر به په‌رۆشه‌وه بووه بۆ هێنانی ئه‌م قوتابیانه و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دهرفهتهيان له ده‌ست نه‌چێت و به‌رده‌وام بن له خوێندن و پیرۆزباییان لێده‌كه‌م.
پیرۆزبایی لە دامەزرێنەری زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی، هاوڕێ و برای خۆشەویستم د. بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق دەکەم کە هەمیشە کار دەکات بۆ پێشکەوتنی ئەم زانکۆ گرنگەی کوردستان و عيراق.
دەرچووانی خۆشەویست..
ئەمڕۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی گرنگ و نوێی ژیانتانه. ئەویش چوونە بۆ ناو ژیانی کردەیی و مەیدانی کار. دنیای دەرەوەی زانکۆ پڕە لە ئاستەنگ، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕه له ده‌رفه‌ت. ئێوە زانستێکی زۆر و باوەڕنامەیەکی گرنگتان پێیە. بۆیە دەتوانن لە ئەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی دواڕۆژێکی گرنگ بکەن بۆ خۆتان و بۆ وڵاتەکەتان. کار پەیدا بکەن، هەر دەرفەتێکی کار کە دەستتان دەکەوێت لە دەستی نەدەن. دواتر بە خەونی گەورە و کاری زۆری خۆتان، دەتوانن کار و دەرفەتی زۆر گەورەتر به‌ده‌ست بهێنن.
داواتان لێدەکەم ببنە بنیاتنەری دنیایەکی نوێ. دنیایەک کە ئێوە دەتانەوێت. دنیایەک کە لە دروستکردنیدا کوڕ و کچ وەک یەک بەشدارن و هاوکارن. جێگەی دڵخۆشییە کە ڕێژەیەکی هاوسه‌نگ لە کوڕان و کچانی سەرکەوتوو لێرە دەبینم. ئەمە ئومێدبەخشە، چونکە هێمایە بۆ ئەوەی کە لە بنیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاتەدا، هەردوو ڕەگەز پێکەوە بەشدارن و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵده‌گرن.
بەداخەوە مێژووی وڵاتەکەمان پڕە لە جەنگ و چەوساندنەوە و وێرانی. نه‌وه‌كانى ڕابردوو ژیانێکی زۆر سەختیان هەبووە. بەرگری و خەباتێکی زۆریان كرد بۆ ئەوەی ئێوە لەوان خۆشبەختتر و باشتر بژین و دەرفەتی باشتری خوێندن و پێگەیشتنتان هەبێت. لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئێوە ئەمڕۆ گەشبینی بڵاوبکەنەوە و دڵگەرمی بۆ دواڕژێکی باشتر بدەنە هەموو گەلی کوردستان و گه‌لی عێراق.
پێویستە ئامانجی سەرەکیتان ئەوە بێت کە ژیانی خۆتان باش بکەن و ژیان لە وڵاتەکەماندا به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ن و خۆشی بکەن. متمانەتان بە خۆتان هەبێت، متمانەتان بە تواناکانتان هەبێت. بە کردەوە و لە کاردا سوود لەو زانستە وەربگرن کە بە دەستتان هێناوە.
کاری ئێوە کۆتایی نەهاتووە. بەرپرسیاريه‌تيی ئێوە پرۆسەیەکی بێ کۆتایە، هەر ڕۆژێک کە تواناکانی خۆتان پێشکەش دەکەن، هەر ڕۆژێک کە بەشداری دەکەن لە باشترکردنی ژیانی کەسانی دی‌دا، زیاتر شان دەدەنە بەرپرسیاريه‌تی.
کاری ئێوە ئەمڕۆ دەست پێدەکات. دەکرێ سەختی و بەربەست بێنە ڕێتان، بەڵام پێویستە کۆڵ نەدەن و به دڵنیاییشه‌وه سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئێوه‌یه. ئێوە دەتوانن لە کاردا سەرکەون، چونکە لە خوێندندا سەرکەوتن. ئامانجی ئێوە دەبێ گەورە بێت، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانتان و کارتان گەورە بێت. دەبێ گۆڕینی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر، گۆڕینی بەڕێوەبردنی وڵات بەرەو باشتر، ئامانجی ئێوە بێت.
ئێوە دەتوانن ئەوە بکەن، به دڵنیاییه‌وه ده‌توانن، چونکە ڕێگە زانستییەکانی ئەو گۆڕینە له‌م زۆنكۆیه و له زانكۆیهكانی دیكه فێربوون و ده‌توانن به دڵنیاییه‌وه ئه‌و گۆڕینه به‌ره‌و باشتر له‌م وڵاته‌دا دروست بكه‌ن. ئێوە هێزی گەورەی پێشکەوتن و گۆڕانکارین له‌م وڵاته‌دا، ژیانی خۆتان باش بکەن و وڵات و کۆمەڵگەش پێشبخەن.
دەرچووانی خۆشەویست ..
ئێوە خەڵکی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشتان له ده‌ره‌وه هاتوون، ئەم زانکۆیە ئێوەی پێکەوە کۆکردەوە، ئێوەش پێکەوە سەرکەوتن. ئێوە لێرە فێر بوون كه سەرکەوتن لە پێکەوەبووندا ئاسانترە. ژیان لە پێکەوەبووندا خۆشترە. ئەو خۆشەویستی و پێکەوەبوونەی لێرە فێر بوون، ببەن بۆ هەموو عێراق. براده‌رانی زانکۆتان لەبیر نەکەن و پەیوەندی و خۆشەویستیتان لەگەڵ یەکتردا بپارێزن.
ئێوە پێویستە هاوبەشی و پێکەوەکارکردن بکەنە کو‌لتوور. ئێوە پێکەوە دەتوانن کار لەسەر فراوانکردنی ماف و ئازادییەکان بکەن. ئێوەی گەنج دەتوانن هەمیشە دەستپێشخەر بن بۆ چارەسەری کێشەکان. دەبێ دروستكردنى بڕیار لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و زانست بکەنە کو‌لتوور، ئاوا وڵات پێشدەکەوێت.
ئێستا قوتابخانە و زانکۆی باش هەن لە هەرێمی کوردستان. ئەوە بۆ من هەمیشە یەکێک بووە لە گەورەترین ئامانجەکانم. چونکە پێشکەوتنی وڵات لێرەوە دەست پێدەکات. زۆر پێویستە زانکۆکان ڕۆڵێکی زیاتریان هەبێت و زیاتر تێکەڵاوی کۆمەڵگەی كوردستان ببن.
جا بۆیە داواتان لێدەکەم کە ئامادە بن بۆ هەموو ئەو ئاستەنگ و بەرپرسیاريهتییهی دێنە ڕێگەتان. بێ هیوا نەبن و وڵاتەکەتان بەجێنەهێڵن. ببنە هێزی چارەسەرکردنی کێشەکان. ببنە هێزی نەهێشتنی کێشەکان و ببنە بەشداری سەرەکيی دروستکردنی ژیانێکی نوێ له‌م وڵاته‌دا. دڵنیا بن دنیایەکی باش لە خۆيه‌وه دروست نابێت، بەڵکو پێویسته بە لەخۆبووردوویی و کاری بەردەوامی ئێوه ئه‌و دنیایه له كوردستان و له عیراق دروست ده‌بێت.
دنیایەکی باش و وڵاتێکی پێشکەوتوو، پێویستی بە ئێوەیە. ئێوە دەبێ ئێرە بکەنە شوێنێکی باشتر بۆ هەموومان. ئێوە بەشێکن لەو نەوە وشیارەی ئەمڕۆ پێدەگات و دەزانێت دەبێ ژینگە و هەسارەکەمان لە تێکچوونێکی زۆر مەترسیداری کەشوهەوا بپارێزین و چاکی بکەینەوە.
دەرچووانی خۆشەویست..
ئامادەبووانی بەڕێز ..
لەسەر ئاستی سياسى له عيراق و هه‌رێمى كوردستان، تەنها ڕێگە بۆ پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و یەکترخوێندنەوە و پێکەوە نەرمونیانی نواندنه. ئێمە جگە لە لێبوردەیی بژاردەیەکی دیمان نیيە! جێگرەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان، بریتیە لە جەنگ و پەراوێزخستنى يه‌كتر. وڵات ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە، بەڵام ئاشتی و پێکەوەژیان پێشمەرجی خۆی هەیە، پێشمەرجی پێکەوەژیانیش بریتیيە لە ویستی لێکنزیکبوونەوە و لێکگەیشتن.
سەرکردەکانی عێراق هەموو هەست بە مەترسيی ئەم دۆخەی ئێستای وڵات دەکەن، لە کاتێکدا کە چارەسەری کێشەکانی وڵات و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستوویى و بنبه‌ستی سیاسی له وڵات، لە دەستی بڕیاربەدەستانی وڵاتدایە. هەنگاوی یەکەمی چارەسەریش بریتیيە لە ویست و ئيراده بۆ چارەسەر. ئەگەر بێت‌و هەریەکەمان هەنگاوێک بە ئاراستەی چارەسەر بڕۆین، هەنگاوی کردەیی، ئەوا لە زۆر خاڵی هاوبەشدا یەکدەگرینەوە و کۆتایی بەو دۆخه ناهه‌مواره‌ى وڵات ده‌هێنین كه گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتر و دۆخێكی باشتره.
لە عێراق ئێمە و هەموو پێکهاتەکان، بە زۆرینە و کەمینەوە، لە ژیانێکی هاوبەشداین، چوارچیوەی یەک وڵات کۆماندەکاتەوە، یەک دەستوور ماف و شایستەکانمان پێناسە دەکات. لەو چوارچێوەیەدا مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. مەبەستم مێژووی هەنووکەیيی عێراقی فیدراڵە. ئێمە هەموو پێکەوە لە ئێستایەکی هاوبەشداین، داهاتوو و چارەنوسیشمان لە چوارچێوەى سنووری عێراقدا هاوبه‌شه.
خۆشەویستان،
دەمەوێ ئەو ڕاستییە بەبیر هەموو لایەک بهێنمەوە: عێراقی نوێی فیدراڵ کە سیستەمێکی پەرلەمانيی دیموکراسی هەیە، بە بەشداريی هەمووان هاتۆتە ئاراوە. هەموو پێکهاتەکان لە دروستکردنی ئه‌م عیراقه نوێیه بەشدار بوون. هەر بۆیەش پێشمه‌رجی مانەوەی عێراق و بەرەوپێشچوونی عیراق، بریتيیە لە پاراستن و چەسپاندنی مافی هەموو پێکهاتەکان.
ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، چارەسەری کێشەکانی عێراق لە جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیيی عیراقدا دەبینین و داخوازیەکانمان لە عێراقی فیدرال دەستوورین، مافن. شتێکی زیاتر لەوەی کە لە دەستووری عیراقدا هه‌يه، داوا ناکەین و داوامان نه‌كردووه. لەو ڕوانگهيەوە من وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆی لایەنە سیاسیيەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستوور و بەسەروەرکردنی یاسا، هەوڵی چارەسه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه بده‌ین كه ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی وڵاته‌كه‌مان بوونه‌ته‌وه.
ئێمە ئامادەی هەموو هاوکاریەکین. ویستمان هەیە و هەنگاومان ناوە بەرەو چارەسەرکردنی دۆخی وڵات. لە هەنگاوه‌كان بەردەوام دەبین تاکو دەگەین بە چارەسەرێک کە عێراق دەرباز دەکات لەو دۆخەی كه ئه‌مڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت.
دەرچووانی خۆشەویست،
لە کۆتاییدا ڕووی قسه‌م دەکەمەوە ئێوە. خوێندن و زانست ڕێگەی سەرەکيی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتن. بير‌ى ئێوە بە زانست پێشکەوتووە. داواتان لێدەکەم وڵاتەکەتان پێشبخەن. چاومان لە هیممەتی ئێوەیە بۆ پێشخستنی ئه‌م وڵاته.
دیسانه‌وه له قوڵایيی دڵمه‌وه پیرۆزبایی له هه‌رهه‌مووتان ده‌كه‌م و كاتێكی خۆش بۆ هه‌موو لایه‌كتان ده‌خوازم و زۆر سوپاس بۆ هه‌موولایه‌كتان.
زۆر سوپاس..