Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ مه‌سيحييان ده‌كات

2025-12-24T14:46:00.000000Z
هه‌واڵ پەیامی پیرۆزبایی

جەژنى لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ لە هاووڵاتييانى مەسیحيمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى مه‌سيحييان له‌ جیهان، پيرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە.

خوشک و برایانی مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستانن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە پابەندیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە پاراستنی کولتووری دێرینی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و یەکترقبووڵکردن. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هه‌رێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچاره‌نووسین؛ پێکەوە لە ڕۆژە سەختەکاندا قوربانیمان داوە و پێکەوەش بە تەبایی و یەکڕیزی کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەکانمان دەکەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا.

كريسمس لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/12/24