
یادی 127ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه، هه‌روه‌ها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له هەموو ڕۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكه‌وتنى زياتر و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌كه‌ينه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه له‌م ياده‌دا وه‌ك هه‌ميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له پته‌وكردنى كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامه‌وانى له وڵاته‌كه‌مان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
22ى نيسانى 2025