Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزانی فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆبووەوە

2021-02-15T17:57:26.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٥\٢\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەریەکە لە بەڕێزان برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا و ئۆلێ دیێل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، کێشەکانی هەولێر - بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنیان، بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ئەمساڵی ٢٠٢١، دۆخی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و کرەدەوەکانی داعش، ئەرک و بەرنامەی ناتۆ لە عێراق، بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، تەحەدییەکانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە، تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە ڕۆڵ و کاریگەریی یەکێتیی ئەوووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و ڕووبەڕوونەوەی تەحەدییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان کرایەوە و هەردوولا هاوڕا بوون کە لەپێناو سەقامگیریی عێراقدا پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکارییەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، جەختی لە پێویستیی هەرێمی کوردستان و عێراق بە یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوە و ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی یەکجاریی تەواوی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان کونسوڵی گشتیی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران و بەرپرسان لە سەرۆکایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەر باس.