Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌ پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان ده‌كاته‌وه‌

2023-08-07T14:27:19.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دوو‌ممه‌ 2023/8/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا تيشك خرايه‌ سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان‌ كه‌ يه‌كه‌م جاره‌ دێنه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها دۆخى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، زه‌مينه‌ى كار و چالاكيى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئازاديى ڕاگه‌ياندن و ڕاده‌بڕين و كارى ڕۆژنامه‌وانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌ر‌فه‌ت و كێشه‌كانى، تاوتوێ كران.

له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز كۆميسارى باڵاى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، وێڕاى باسكردن له‌ به‌رنامه‌ و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى، چه‌ند سه‌رنج و تێبينييه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌ندێ له‌ بواره‌كانى دۆخى مافى مرۆڤ و پرسى ئازادييه‌كان و كارى ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێراى ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستانى به‌ پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين و يه‌كسانى و دادپه‌وه‌رى دووپات كرده‌وه‌.

له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێزيان داواى كرد دامه‌زراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى تايبه‌ت به‌و بوارانه‌، وه‌ك هاوبه‌شێك هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، به‌تايبه‌تى كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغى ڕاگوزه‌ردان و پێويستييان به‌ يارمه‌تى و پشتگيرى هه‌يه‌ بۆ بره‌ودان به‌و بوارانه‌.