Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسولی گشتیی كۆماری چینی میللی ده‌كات

2019-07-30T05:47:52.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

له‌ دیدارێكی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نی ڕوچی، کونسولی گشتیی کۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی کوردستان و شاندێکی یاوه‌ری، به‌ڕێز ڕوچی وێڕاى پیرۆزبایی و هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ به‌ڕێزيان له‌ پۆستى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا، خواستی وڵاته‌كه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی زياتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و پوخته‌یه‌كیی ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌رێم پێشكه‌ش كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و چین له‌ بواره‌كانی ئابووری، بازرگانی، پیشه‌سازی، ڕۆشنبیری و كولتووری، په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و به‌ره‌وپێشبردنیان كرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌یيی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نیشان دا

تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى دوای شه‌ڕی داعش و هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان كه‌رتی تایبه‌تی هه‌ردوولا بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.