Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازى لە باڵیۆزى ڕووسیا کرد

2019-07-17T05:23:32.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا له‌ عێراق پیرۆزبایی خۆی و به‌ڕێزان سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیای به‌‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕاگه‌یاند بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسی كردن و سڵاو و رێزی بۆ به‌رێزان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا و جێگره‌كه‌ی نارد.

له‌ دیدارێکدا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 17/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا و چارەسەرکردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور کردەوە. له‌مباره‌یه‌وه‌ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چارەسەر نیشان دا و ئاماژه‌ی بە سەردانى دوێنێى شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا کرد.

تاوتوێكردنی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.