Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى و وەزيرى دەرەوەى فەرەنسا دۆخی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

2026-03-04T09:29:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو 2026/3/3 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوسۆزی و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.

هەردوولا پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ناوچەکە و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی کێشه‌کانیان تاوتوێ کرد و هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیی هاوئاهەنگیی نزیکی نێوانیان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ کردەوە.