
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2024/11/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا له‌گه‌ڵ بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پەیوەندییەکانی فه‌ره‌نسایان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هه‌نگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان، تاوتوێ کرد.
به‌ڕێز باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزباییی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕێژه‌ی به‌رزی بەشداریکردن کرد کە گرنگیدانی هاووڵاتیان بە داهاتووی هەرێمی کوردستان، دەردەخات. هەردوولا میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێ کرد و لەمبارەیەوە، جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە وه‌ڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری.
لای خۆیه‌وه، به‌ڕێز باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە به‌رده‌وامیی پابەندیی وڵاتەکەی له یارمه‌تیدان و پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان، کردەوە. بەڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ پرسەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، دووپات کرده‌وه.
له دیدارەکەدا باس له‌دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە و پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی عێراق، کردەوە. هه‌روه‌ها لەسەر گرنگیی هاریکاریی هاوبه‌ش بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوڕا بوون.
دۆخی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی ئەمه‌ریکا و چەندین بابەتی دیکەی جێی بایه‌خی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیداره‌که بوون کە به‌ڕێز کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.