Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیرییەکانی ئیتاڵیا دووپات دەکاتەوە

2026-02-13T18:23:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2026/2/13، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی تاوتوێ کران. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئیتاڵیا و ڕۆڵی کارای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەربڕی.

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی تیرۆردا کرد.

دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.